زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە ئاشکرادەکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی تەموزی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە ئاشکرادەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات و بڕیارە پێش کۆتایی ئەم ھەفتەیە پارەی مووچە رەوانە بکات".
بەپێی وتەی ئەوە سەرچاوەیە بێت، "بەم نزیکانە دەست بە وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بۆ مانگی تەموز دەکەن و ئەگەر لیستەکەش ھاوشێوەی مانگی حوزەیران بێت، پرۆسەی وردبینییەکە لە دوو رۆژدا کۆتایی دێت".
ئاماژەی بەوەشداوە، "لەکاتی بوونی ھەر جیاوازییەکیش لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا، ئەوکات مووچەی ئەو وەزارەتانە رەوانە دەکرێت کێشەیان نییە، بەڵام پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو وەزارەتەی گۆڕانکاری لە لیستی مووچەیدا کراوە کاتی زیاتری پێویست دەبێت، وەک ئەوەی لە مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبای ھەرێم روویدا".
رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و ھێزە ئەمنییەکانی رەوانەی بەغدا کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەم مانگە لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی خانەنشینانی عێراق رەوانە کردووە".
