بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی مەترسیدار دەدات

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەر دەدات و دەڵێت، "لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاد لە 400 کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون".
د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوهبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاندووە، "ڤایرۆسی جگەر لەجۆری C و B، لەنەخۆشییە قورسەکانن کە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت دەبێتە یەک لە ڤایرۆسە کوشندەکان، لەبەرئەوە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوانەی نەشتەرگەریی یاخود قەستەرە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە توشبوی ئەو ڤایرۆسە نین".
ئاماژە بەوەشدەدات، "ئامارەکان دڵخۆشکەرنینو لەشەش مانگی ئەمساڵدا، سەروو 400 کەس دەستنیشانکراون توشبووی ڤایرۆسەکەن، کەواتە بەردەوام تووشبوون بە ڤایرۆسەکە هەیە، دەتوانرێت پێشگریشی لێبکرێت بەپێدانی ڤاکسین بۆ ئەو منداڵانەی کە لەدایکدەبن، لە هەرێمی کوردستان ئەو منداڵانەی لەدایکدەبن ڤاکسینیان بۆ دابینکراوە، هاوکات ئەوانەی کاردەکەن، پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی کە توشی بون، چارەسەر وەردەگرن".
بهپێی وتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر بێت، "پزیشک و کارمەندەکانی تەندروستی زیاتر دوچاری ئەو ڤایرۆسە دەبن، بەتایبەت ئەوانەی نەشتەرگەریی بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن کە دووچاری نەخۆشییەکە بوونەتەوە، بۆیە دەبێت ئەوان ڤاکسین وەربگرن، یاخود ئەوانەی لەدەرەوەی هەرێمهوه دێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت".
ئهوهشى روونكردهوه، "ڤایرۆسی جۆری A و B و C لە کوردستان هەن، جۆری ئەی مەترسی نییەو پێویستی بەچارەسەر نییە، سێ پشکنینی ڤایرۆسیش دەکەن لەجۆری جگەری B و C و ئایدز، ئەگەر لەو پشکنینانە دەرکەوت، توشبوان چارەسەر وەردەگرن، بەئاستێکی زۆرباش توانراوە کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت بەتایبەت لەڕێگە نەدان بەهاتنە ژورەوەی ئەوانەی ئەوانەی هەڵگریی ڤایرۆسەکەن بۆ هەرێم، ئەوانەی لەناوخۆش هەڵگریی ڤایرۆسەکەن، چارەسەرییان پێدەدرێتو دەخرێنە ژێر چاودێریی".
