ڕێکخراوی جاسەنە: دەبوایە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵەی لەگەڵ بکرایە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوی جاسەنە دەڵێت، سەپاندنی ئەو سزا قورسە بەسەر ڕۆژنامەنوس “سلێمان ئەحمەد”دا، بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003، كە یاسایەكی تایبەتە بە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم.
ئەمڕۆ دووشەممە،29ی تەمووزی 2024، ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا و میدیا، لە بارەی بڕیاری سزادانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ڕاگەیاندراوێكی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەبوایە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵەی لەگەڵ بکرایە هەروەها لە سەرەتادا ڕێگە بە پارێزەر و کەسوکاری نەدرا چاویان پێی بکەوێت ئەمەش پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤە، دەشڵێن: ئیدانەی ئەو بڕیارە نادادپەروەرە دەکەین و بە هەولی بەردەوامی سەرکوتکردنی کایەی ڕۆژنامەنووسی دەزانین.
دەقی ڕاگەندراوەکەی ڕێکخراوی جاسەنە:
سزادانی (سلێمان ئەحمەد) سەركوتكردنێكی تری ئازادی كاری رۆژنامەنوسیە بۆ رای گشتیی هەرێمی كوردستان سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنوس لە دەزگای رۆژ نیوز كە ماوەی زیاتر لە 9 مانگە لە دهۆك زیندانیكراوە، ئەمڕۆ دادگای دهۆك سزای 3 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند.
سەپاندنی ئەو سزا قورسە بەسەر رۆژنامەنوس (سلێمان ئەحمەد)دا، بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003یە كە یاسایەكی تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشو سەقامگیری هەرێم، لەكاتێكدا گەر ئەو رۆژنامەنوسە تاوانێكی رۆژنامەگەریشی ئەنجامبدایە، دەبوو بە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە.
ئەو رۆژنامەنوسە لەسەرەتای دەستگیركردنیەوە مافی بینینی كەسوكاریو گرتنی پارێزەری نەبووە تاوەكو كۆتا قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە، ئەمەش پێشێلكاریی ئاشكرای مافی مرۆڤو دەستورو یاسا بەركارەكانی عیراقە.
سزادانی ئەم رۆژنامەنوسە، لەكاتێكدایە كە پێشتر چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتیو ناوخۆیی رەخنەی توندیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر دۆسیەی سزادانی رۆژنامەنوسان لە دەڤەری بادینان گرتووەو حكومەتی هەرێمیش بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو دۆسیەیەی داوە، بەڵام دۆخەكە هیچ نەگۆڕاوەو جگە لە سزادانی (سلێمان ئەحمەد)، لە رۆژانی رابردوودا چەندین رۆژنامەنوس دەستبەسەركرابوون كە بە مەبەستی روماڵكردنی هێرشو داگیركارییەكانی توركیا، سەردانی ئەو ناوچەیان كردبوو.
هەر لەو سۆنگەیەوە، رێكخراوی جاسەنە، سەركۆنەی بڕیاری سزای نادادپەوەرانەی رۆژنامەنوس (سلێمان ئەحمەد) دەكاتو بە هەوڵی بەردەوامی سەركوتكردنی ئازادی رادەبڕینو رۆژنامەنوسی دەزانێت.
رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا
29ی تەمووزی 2024
