با ئاسایی تەماشای سووتانی چیای گۆیژە نەکەین

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڕاگەیەندراوی دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی

بەرەبەیانی ٢٩ی تەموزی ٢٠٢٤، ئاگر لە بناری چیای گۆیژەی باکوری سلێمانی کەوتەوە و بەهۆی ئەو رەشەبا بە‌هێزەوە کە هەڵیکردووە لە ماوەیەکی کەمدا رووبەرێکی بەرفراوانی چیاکەی گرتۆتەوە و تابەیانی بەردەوام بووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نزیکەی ١٥ هەزار داری جۆراوجۆری تەمەن جیاواز سووتاون.

کەوتنەوەی ئاگرەکە ئەگەر لە کاتێکی تردا بووایە و کاتژمێر نزیکی ٣:٣٠ ی خولەکی بەرەبەیانی نەبووایە، رەنگە بە ئاگرکەوتنەوەیەکی ئاسایی ناوزەد بکرایە، بەڵام کاتێک کە ورد دەبینەوە لە کاتەکەی و لە بەرەبەیانێکدا کە رەشابەیەکی بەهێزیش لە ناو سلێمانیدا هەڵیکردبوو کەس خۆی پێنەدەگیرا، خەڵکانێکی سەیرانکار چیدەکەن لەو کاتەدا لە سەر ئەو چیایە تا ببنە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە.

لەلایەکی ترەوە چیای گۆیژە زۆرێک لە دارستانەکەی ئاگربڕ کراوە و لە هەندێک شوێندا ئاگربڕەکەی نزیکی ١٠ مەتر پانە، نازانین بە چ قودەرتی قادرێک ئەم ئاگرە پەڕیوەتەوە لەو ئاگربڕانە و ئەو رووبەرە فراوانەی سووتاندووە.

چیای گۆیژە لە سەرەتایترین خزمەتگوزاری ئاگرکوژانەوە و ئاودێری و چاودێریکردن و دەستیکار بێ بەشە.

تا ئێستا هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژاندنەوەی نییە، بگرە لەوەش زیاتر لە هەموو چیای گۆیژەدا تاکە بیرێکی تێدا نییە لە کاتێکدا کە بە بڕێک پارەی کەم دەتوانرێت چەندان بیر هەڵبکەندرێت و لەو رووشەوە رووپێووی (کەشف) بۆ لێدانی بیر بۆ کراوە، بەڵام پارەی بۆ خەرجناکرێت.

ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ئاودێری و چاندانی نەمام و ئاگربڕیش دەکەن بۆ ئەو چیا گەورەیە تەنها ١٠ کرێکارن، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا رۆژانە سەدان کرێکار کاری لەو چیایەدا کردووە.

هەرچەندە لە بناری چیاکە بنکەیەکی پۆلیسی لێیە، بەڵام نە جێگەی بنکەی پۆلیسەکە باشە، نە ئەو ژمارە کەمەش دەتوانێ سەرپێچیکردن لەو چیا گەورە قەرەباڵغەدا رابگرێت، لە کاتێکدا کە پێویستە ئەو چیایە لە لە هەموو شوێنێکەوە لەلایەن پۆلیس و بگرە لە رێگای کامێراشەوە چاودێری بکرێت.

ئێمە لێرەوە لایەنە دەسەڵاتدارە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی و دادگاو داواکاری گشتیش ئاگادار دەکەینەوە کە بەرامبەر ئەو سووتانە هەریەکە و لەلای خۆیەوە هەڵوێستەیەک بکات و بە رووداوێکی ئاسایی تەماشای نەکات، لە کاتێکدا کە پێشتر ئێمە سووتانی لەو جۆرەمان لە گۆیژە و شوێنەکانی تری سلێمانی بینیوە، بە دەستی ئەنقەست و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بووە.

دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی

٢٩ ی تەموزی ٢٠٢٤

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار