لاهوور شێخ جەنگی: گۆڕانكاری لە بادینان و هەولێرەوە دەكرێت
4 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەردانەکانی لە ناوچەی هەولێر چڕتر کردووەتەوە و بە تایبەت سەردانی دهۆكیشی کرد.
لاهوور شێخ جەنگی، پلانی هەیە سەردانەكانی بەردەوام بێت بۆ ناوچە جیاوازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، وەك خۆی دەڵێت، "گۆڕانكاری لە بادینان و هەولێرەوە دەكرێت".
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ناوبراو سەردانی هەولێری كرد و پێشوازی لە گەنجان و چین و توێژە جیاوازەكان كرد و ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ بەرەی گەل دووپاتكردەوە.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر سەرۆکی بەرەی گەل، بەشداری لە چەند پرسەیەكدا كرد.
بەپێی وتەی بەرپرسانی بەرەی گەل، لە هەولێر پێشوازییەكی باش لە لاهوور شێخ جەنگی كراوە لە كاتی سەردانەكەیدا و ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ بەرەی گەل، كە لە قۆناغی خۆناساندندایە.
پێشوازییەكی باشی لێكرا
مامۆستا سابیر فەڕەنسی، ئەندامی سەرکردایەتی بەرەی گەل لە هەولێر بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ هەولێر سەردانێکی ئاسایی بوو، لەلایەن جەماوەری بەرەی گەلەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا".
وتیشی:"لە سەردانەکەیدا سەرۆکی بەرەی گەل پێشوازی لە چین و توێژە جیاوازەکان کرد و دڵنیایی بە خەڵکدا کە بەرەی گەل بەشداری هەڵبژاردن دەکات و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە".
وەک مامۆستا سابیر فەڕەنسی باسی دەكات"هەولێر بەشێکی گرنگە لە هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە لاهوور شێخ جەنگی سەردانی هەولێری کرد، چونکە چەقی ململانێکان لە هەولێرەوە و گۆڕانکاریش لەوێوە دەکرێت".
هەروەها لاهوور شێخ جەنگی پێی وایە "سیاسەت لە هەرێمی كوردستان دەبێت گشتگیر بێت و دەبێت مەركەزی سیاسەت لە هەولێر بێت كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە".
لە چوارچێوەی سەردانەكانیدا ڕۆژی سێشەممە 6ی ئابی 2024، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و پێشوازییەكی گەرمی لەلایەن پشتیوانیانی بەرەی گەلەوە لێكرا، هەر لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر ڕایگەیاند: "لە 33 ساڵی ڕابردوودا بە ئەنقەست و بیروبۆچوونی حزبایەتی هەوڵدراوە تۆوی ڕق و كینە لەنێوان بادینانی داگیركراو و گەرمیانی ئەنفالكراودا بچێنرێت و هاتنی ئێمە بۆ ئێرە شكاندنی ئەو بەربەستەیە".
"گۆڕانكاری لە بادینان و هەولێرەوە دەكرێت، ناكرێت ئێمە لە سلێمانی دانیشین چاوەڕوان بكەین خەڵك لە بادینانەوە گۆڕانكاریمان بۆ بكەن".
لە درێژەی قسەکانیدا، لاهوور شێخ جەنگی وتی: "بە بەرچاومانەوە داگیركەران نیوەی خاكی بادینانیان داگیركردووە و حیزبانی دەسەڵات بە پارتی و بە یەكێتییەوە، وشەیەكیان نەوتووە بەرانبەر بە داگیركارییەكانی توركیا".
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی لەوەكرد، "دەبێت ستۆپێك بكرێت بەو هەموو نادادپەروەرییەی كە بەرانبەر میلـلەتەكەمان دەکرێت، ئێمە تێكدەر نین و خەمخۆری خاك و خەڵكین و بوون بە ئەندام لە بەرەی گەل كارێكی ئاسان نییە، چونكە ئەوانەی بەرەی گەل هەڵدەبژێرن خاك و خەڵكەكەی خۆیان خۆشدەوێت و دژی نادادپەروەری و داگیركاری دەوەستنەوە".
لەبارەی سەردانەكەی سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ پارێزگای دهۆك، زیكری زێباری؛ بەرپرسی بارەگای بەرەی گەل لە دهۆك بە هاوڵاتی وت "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ بادینان سەردانێكی زۆر باشبووە و گرنگی خۆی هەبوو، چونكە یەكەمجارە سەردانی بادینان دەكات و وەك سەرۆکی لیستێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان و لە دهۆك كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەری لەو شێوەیە بكات".
وەك زیكری زێباری ئاماژەی پێكرد "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی ئامادەكاریی بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ كاندیدانی بازنەی دهۆك ئەنجامدا".
بەپێی وتەی زیكری زێباری بێت "سەردانی سەرۆکی بەرەی گەل بۆ دهۆك بەردەوام دەبێت و جەماوەری بەرەی گەل لەو سنوورە زۆر بە باشی پێشوازیان لە لاهوور شێخ جەنگی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی دەكەن، وتیشی، "خەڵیكش پێیان وایە ئەو گۆڕانكارییە بە لاهوور شێخ جەنگی دەكرێت".
"لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە %73ی خەڵك بەشداری هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیان نەكردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵك بێ ئومێد بووە لە دەسەڵات، بۆیە بەرەی گەل بووەتە ئومێدێك بۆ ئەو خەڵكە ناڕازییە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە پێشوازییەكی گەرم لە بەرەی گەل بكرێت و خەڵك هیوایەكی گەورەی بە لاهوور شێخ جەنگی هەبێت".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، وادەی نوێی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی لیستەكەیەتی، بەشداری هەڵبژاردن دەكات و ئامادەكارییەكانیشی دەستپێكردووە.
پێشبینی چی دەكرێت؟
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، پێشبینی دەكرێت لیستی بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكات، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت و "سوپرایز" ی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بێت.