لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستێوەردان دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستێوەردان دەکەن.
سێشەممە 13-8-2024 کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی دارایی پەرلەمان و حکومەت بە نوێنەرایەتی وەزیرانی پلاندانان، دارایی، نەوت، کارەبا و پارێزگاری بانکی ناوەندی، بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی دارایی و دراو لە عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکە باس لەو ئاستەنگانە کرا کە ڕووبەڕووی ڕەوشی دارایی وڵات بووەتەوە، هاوکات باس لە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی بە حکومەتی ناوەندی کرا.
لەوبارەیەوە، نووسینگەی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە: بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستێوەردان دەکەن.
بە وتەی عەتوانی، گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان کردوویەتی، لەگەڵ دەستووری عێراقدا ناگونجێت و ئەمەش خاڵی ناکۆکی ئێستایە.
