ڕێکخراوێکی ئەمریکی ئاماری شەهیدبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی هێرشی تورکیا و ئێران دەخاتەڕوو
.jpg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تیمی سی پی تی ئەمریکی لە کۆتایی ساڵی 2022 هاوشان لەگەڵ خانەوادەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە قوربانیان هەیە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێراندا لەگەڵ موحسین مەندەڵاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەپێی یاساکانی ژمارە 20ی ساڵی 2009 و یاسای ژمارە 57ی 2015 پەرلەمانی عێراق حکومەتی عێراقی بەرپرسکردووە لە قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەهید یان برینداربوون، بەڵام کێشەیەک هەبوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانە ئەویش ئەوەبوو کە هیچ ئامارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەست نەبوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتییانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمی CPT بە هاوکاری کۆمەڵێک خۆبەخش و خانەوادەی قوربانیان لەو شوێنانەی لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بۆردوومانکراون داتای کۆکردووەتەوە لە ساڵی 1999 تاوەکو 2024، بەداخەوە ئامارەکان جێگەی نیگەرانین".
بەپێی ئامارەکە بێت، لە سەرەتای ساڵی 1991وە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2024، 845 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو 845 قوربانییە 194یان منداڵ بوون، هەروەها لەو ژمارەیە 702 هاوڵاتی لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا شەهید یان برینداربوون، 143 هاوڵاتییەکەی دیکەش ئێران لێی بەرپرسە.
لەو 702 هاوڵاتییەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی، 344 هاوڵاتی شەهیدبووە، 358 هاوڵاتیش برینداربوون، هەروەها لە 143 قوربانییەکەی ئێرانیش 81یان شەهیدبوون و 62 هاوڵاتییش برینداربوون.
وەک لە ئامارەکە هاتووە لە %83ی قوربانییانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها 170 گوند لە هەرێم بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێرانەوە چۆڵکراون و 602 گوند لەژێر مەترسی چۆڵبووندان.
وەک ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێکرد، لە %93ی بریندارەکانی هێرشەکانی تورکیا و ئێران قەرەبوو نەکراونەتەوە، هەروەها لە %48 ئەو خانەوادەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە شەهیدبوون قەرەبوو نەکراونەتەوە.
ڕێکخراوی CPT باسی لەوەشکرد، هاوڵاتییانی مەدەنی ئەو ناوچانە چیرۆکی خەمگینیان هەیە و دابونەریت و نیشتمانیان لەدەستداوە و تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.
