کارەکانى دامەزراندنى 500 فەرمانبەرەکەى هەڵەبجە تەواوکرا

7 مانگ لەمەوپێش
ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، رایدەگەیەنێت ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە تەواوکراوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە، 48 کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن، هەروەها ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) کراوەو 25 کەس لە کۆى ئەو 500 دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون.
ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت.
دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە
ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت. ئەمەش لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان.
وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەندیى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاریى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمیى ناوبراوان لەلایەن ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگەى هەڵەبجە دەکرێت بە مەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنماییى ژمارە (10) ساڵى 2019.
شایانى ئاماژەیە (48) کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەندیى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون.
هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.

