یەکێتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵدەپەسێرێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەکاریگەریی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، یەکێتی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کە بۆ پەنجەرە قسەی کردوە، بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی، زۆر لە پارتی نیگەرانە و پێیوایە ڕۆڵی هەبووە لەو ڕووداوانەی ئەم دواییە لە سلێمانی ڕوویانداوە کە دیارترینیان هەوڵدان بووە بۆ تیرۆرکردنی خودی تاڵەبانی.
وتیشی: یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی لەوە تووڕەن کە پلانداڕێژەری کارەکە ئەژی ئەمین، سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتییە کە ئێستا لە هەولێرە.
باسی لەوەشکرد: تووڕەیی یەکێتی بەو ئاراستەیەیە کە پارتی ڕێگەی بە ئەژی ئەمین داوە ئازادانە کاربکات و دەست بۆ دۆسییەی گەورە ببات لە سنووری سلێمانی لە نمونەی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی "کودەتا" بدات، داواش دەکات دۆسییەی ناوبراو یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆڵەکەی کۆتایی پێبهێنرێت.
بەوتەی سەرچاوەکەی یەکێتی، ئەو حزبە هەموو پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردووە و ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوولا لەو پەڕی خراپیی دایە.
شەوی پێنجشەمە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (21 و 22ـی ئاب) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر لالەزار کە بارەگای سەرەکی بەرەی گەل و ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەکەی لێبوو، یەکێتی ئەگەرچی بە فەرمیی ڕاینەگەیاندووە، بەڵام بە نافەرمی باس لەوەدەکات هۆکاری پەلامارەکە بۆ بوونی "پیلانێک" دەگەڕێتەوە بەمەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی.

