پارتى زانیارى نوێ لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێوە ئاشکرا دەکات

6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێوە ڕایدەگەیەنێت لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات.
ئەمرۆ شەممە، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبووەوەتەوو دوابەدى کۆبونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لەبەشیکى ئەو بەیاننامەدا هاتووە: بیروڕا گۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بووە.
هەروەها دەشڵێت: لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێت.
کۆمیتەى ناوەندى پارتى ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.

