ئەمڕۆ ساڵیادى خۆپیشاندانەکانى 17ـی شوباتە

6 مانگ لەمەوپێش
١٤ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی تێدەپەڕێت، دانیشتوانی زۆربەى شارو شارۆچکەکانى کوردستان هاتنە سەر شەقام و داواى گۆڕانکاریان لەسیستمى سیاسى و ئابورى و بەرێوەبردنى ههرێمدا دەکرد.
١٧ی شوباتی ساڵى ٢٠١١ ئەو ڕۆژەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵك لە بەر دەركی سەرای سلێمانی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەردەوام بوو.
ئەمرۆ دووشەممە، ١٤ ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕی كە لە فەرهەنگی سیاسی باشووری كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانیدا بووە بە مێژوویەكی لە یادنەكراو.
دواى ١٤ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و ناوچەکانى دیکە، هێشتا بەشێك لە هاوڵاتیان پێیانوایە تاوەكو ئێستاش داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە، هەروەها هێشتا تۆمەتبەرانى شەهیدانى ١٧ى شوبات و رۆژانى دوایى نەدراونەتە دادگا.
لە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواییدا كە بەشێك لە خەڵك بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر شەقامەكان مانەوە، داواكارییەكان بۆ چاكسازی و دادپەروەریی بوون.
داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندانەکانى ١٧ـی شوباتى ساڵى ٢٠١١، باشكردن و گۆڕینى سیستمى حکومڕانی، دادپەروەری و شەفافیەت لە داهات و خەرجی، باشکردنی مووچە.
لەخۆپیشاندانەكانی ٢٠١١ـدا، دە كەس شەهیدبوون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هەندێكیان بە گولەی هێزە ئەمنییەكان بوون و هەندێكی دیكەشیان هێشتا دۆسییەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام یەكەم شەهیدی ئەو ڕۆژانە داوای یاساییەكەی لەسەر لقی 4ی پارتی لەسلێمانی تۆمار كراوە.
خۆپیشاندانی رۆژی (17)ی شوباتی ساڵی (2011) داو بۆ ماوەی (63) رۆژ، چەندین هەزار كەس بەشێوەی خۆڕسك لە دژی دەسەڵات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

