مەسرور بارزانی: هەڵسوکەوتى سوپای عێراق پێچەوانەی دەستوورە
.png)
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێگریکردن لە جوتیارانی کورد بۆ کێڵانی زەوییەکانیان دەڵێت، "پێویستە هەرچی زووترە، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێبهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە."
ئێوارەى ئەمرۆ دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی دیکە لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو ، پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
ئەمڕۆ لە سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن بەڵام سوپای عێراق و ژمارەیەک لە هێزی چالاکییە مەدەنییەکان رێگرییان لێ کردن.
رۆژی 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە.
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
پێش یاساکە و لە 08-11-2024ـەوە رێگە نەدەدرا جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک زەوییەکانیان بکێڵن. نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، دوای یاسەکەش دەرکراوە، بەڵام رێگری بەردەوامە.

