پەرلەمانتارێکى پارتى: ئەمرۆ لیستی مووچهی مانگی دوو دهگاته بهغدا

6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بڕیاردهری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له پهرلهمانی عێراق، ڕایگەیاند ئەمرۆ یەکشەممە، لیستی مووچهی مانگی شوباتی مووچهخۆرانی ههرێمى کوردستان دهگاته بهغدا.
بەپێى زانیاریەکان، بڕیارە ئەمرۆ لە وەزارەتی دارایی هەرێم کۆبوونەوەیەک بکرێت لەسەر ناردنی لیستی مووچە، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت لیستەکە ڕاستەوخۆ بنێرن یان پێویست دەکات شاند بنێرن.
شوان محهمهد بڕیاردهری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له پهرلهمانی عێراق لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو لیستی مووچهی مانگی شوباتی مووچهخۆرانی ههرێم تەواوبووە، بڕیارە ئەمرۆ بگاتە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ ئەوەى وردبینى بکرێت.
ناردنی لیستی مووچە دوایین ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی دوو، خۆی سێ ئەرکی لەسەرشانە، ناردنی 50%ـی داهاتی باج و گومرگەکان، ئامادەکردنی میزان موراجەعە کە داهات و خەرجی وەزارەت و فەرمانگەکان دەگرێتەوە لەگەڵ ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچە بێ کەموکوڕی.
بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرسێ ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ کردوون و هیچی لەسەر نەماوە بۆ مانگی دوو، لەبارەی ناردنی پارەش بۆ مووچە کە بڕەکەی هاوشێوەی مانگی ڕابردوو لە نێوان 950 ملیار بۆ تریلۆنێک دینار دەبێت، ناردنی دەکەوێتە سەر تەیف سامی، ئەگەر هیچ بیانووێک نەگرێت، دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
لیستی مووچی مانگی دووی فەرمانبەران تەواو بووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیستەکە بە سیستمی پەیرۆڵ ڕەوانەی بەغدا بکرێت. هاوکات سەرجەم کێشەکان بەتایبەتی کێشەی خانەنشینانی سەربازی لە لیستی مووچە چارەسەر کراون.

