دوو ڕۆژە خۆپیشاندانى مامۆستایانى ناڕازى بەردەوامە

6 مانگ لەمەوپێش



 

سەرەڕاى کەش و هەواى ساردو بارینى بەفر، بەڵام ماوەى دوو ڕۆژە دەیان مامۆستاو فەرمانبەرى مامۆستاى ناڕازى بەگەرمووگوڕیەوە بەردەوامن لە خۆپیشاندان، سەرجەم  ئەو ڕێگایانەیان داخستووە کە تانکەرەکانى سوتەمەنى هاتووچۆیان لێوە دەکرد.
له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كیی سلێمانی - عه‌ربه‌ت مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی ماونەتەوەو چادریان هەڵداوەو نه‌وتهه‌ڵگره‌كان ڕاده‌گرن و رێگه‌یان پێناده‌ن بڕۆن، به‌ڵام رێگای هاتوچۆكردن بۆ بارهه‌ڵگر و ئۆتۆمبێله‌كانی دیكه‌ واڵایه‌.

شەوى ڕابردوو لەسەر ڕێگا زیاتر لە٥٠ مامۆستاو فەرمانبەر تابەیانى لەژێر چادرەکە ماونەتەوەو رێگەیان نەداوە هیچ تەنکەرێکى سوتەمەنى هاتووچۆ بکات ئەوان دەڵێن دەمانەوێت رێگە لە بەتاڵانبردنی نەوت بگرین، بە رێگری لە نەوتی قاچاخ دەمانەوێت دەستبەرین بۆ قوتی دەسەڵات.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەیان مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتیان لەزۆربەى ناوچەکانى دیکەى سنورى سلێمانى و هەڵەبجەو گەرمیان و شارەزوورەوە چونەتە شوێنى خۆپیشاندانەکەو تابێت رێژەیان زیاتر دەبێت، ئەوان سورن لەسەر جێبەجێکردنى داواکاریەکانیان.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بانکی ناوەندی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کەمتەرخەم دەزانن، کە تا ئێستا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ نەکراوە. دەشڵێن، هەژماری من رەتدەکەینەوە و متمانەمان پێی نییە.
هەروەها داوای تەوتینکردنی مووچەکانیان لەرێگای بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، دەسەڵاتدارانی یەکێتی لەژێر هیچ ناو و بیانویەکدا هەژماری من بە مامۆستایان و فەرمانبەران پڕ نەکەنەوە و ئیتر کاتییەتی خۆیان لەنێوان هەژماری من و تەوتیندا یەکلایبکەنەوە و راستگۆبن لەگەڵ بانگەشەکانی هەڵبژاردندا.

دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەشڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا 16 مانگ مووچەیان پێنەدراوە و 44 مانگیش بەناوی جواروجۆرەوە بڕێکی زۆری مووچەی مووچەخۆرانیان بڕیوە و لە 2016ـەشەوە پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانیان راگرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار