لیستی مووچە تەواوکراو ئەمڕۆ دەنێردرێت بۆ غدا

5 مانگ لەمەوپێش



 

ئەمڕۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری 2025 بە سیستمی پەیرۆڵ بە تیمێکی تەکنیکیدا دەنێردرێتە بەغداد، پێشتریش 48 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بە کاش خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، حکومەتی هەرێمیش چاوەڕێیە پێش جەژن مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی بۆ بنێردرێت.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى دارایی هەرێم، ڕایگەیاند تیمەکان بەردەوام خەریکى ئامادەکردنى لیستەکەبوون و بەرەبەیانى ئەمڕۆ لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تەواوکراوەو هەموو تێبینییەکانى تەیف سامی لەسەر لیستى مووچە چاککراوە.

بڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیاندا لیستەکە ببەنە بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بکەن.
لیستی مووچەی مانگی سێ، هاوشێوەی پێشوو بە سیستمی "پەیرۆڵ" ئامادەکراوە، بەراورد بە مانگی دوو گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا کراوە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان شەوی دووشەممە (17ـی ئاداری 2025) رایگەیاند: "هەمو شتێك تەواو بووە و رۆژ سێشەممە لیستی مووچە بۆ بەغدا دەنێرین، حیسابی ئەوەشمان کردووە، ئەگەر بەغدا بیانوویەک بگرێت، پێنج بۆ شەش رۆژمان لەبەردەستە بۆ چاککردنی بیانووەکان.

رۆژی دووشەممە 17ـی ئاداری 2025 وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی 2025، کە بڕەکەی (48.722.239.000) چل و هەشت ملیار و حەوت سەدو بیست و دوو ملیۆن و دوو سەدو سی و نۆ هەزار دینارە، ، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

بەراورد بە مانگی رابردوو ئەو بڕە پارەیە زیاتر لە 3 ملیار و 172 ملیۆن دیناری کەمیکردووە.

رۆژی 12ـی شوباتی2025، وەزارەتی دارایی رایگەیاند: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانونی دووەمی 2025، کە بڕەکەی (51.895.457.877) پەنجاو یەک ملیارو هەشت سەدو نەوەدو پێنج ملیۆن و چوار سەدو پەنجاو حەوت هەزارو هەشت سەدو حەفتاو حەوت دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار