فەڕەنسا بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی سوریا بە پێویست دەزانێت

18 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی "الشرق" الاوسط" سەرچاوەیەکی کوردی کە بانگهێشتی کۆبونەوەکانی پاریس كرابوو لە نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر، راگەیاندووە: هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی سەرکردایەتی "هەسەدە"یان ئاگادارکردۆتەوە، کە وادەی كۆبونەوەكەی پاریس دواخراوە بۆ كاتێكی تر، ئەوەش لەسەر داوای حکومەتی سوریا بۆ دواخستنی، دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی سوەیداو لاوازی ئەدای حکومەت و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و هەرەسهێنانی لە باشووری وڵات.
ئەو سەرچاوەیە رونیشیکردووەتەوە: سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیامی دیمەشەقی بە ئیدارەی خۆسەر گەیاندووە، کۆبونەوەی پاریس کە بڕیاربوو رۆژی هەینی دەستپێبکات، بەپەلە بڕیاری لەسەر دراوە، دوای کۆبونەوەکانی رۆژی 19ی ئەم مانگە لە عەممانی پایتەختی ئوردن، کە نێردەی ئەمەریکا، تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، دەرەوەی سوریای کۆکردەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: پێیان گەیاندین کە خێرایی دیاریکردنی وادەكەی لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی جیاوازییە هەڵپەسێردراوەکان و لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان نییە، بەتایبەتی کە هەنگاوی کردەیی پێشکەوتوو لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی (١٠ی ئازار)ی رابردوودا رادەگەیەنرێت.
لای خۆیەوە، بەسام سەعید ئیسحاق، سەرۆکی نێردەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆن، دیداری باراک و عەبدی لە عەممان بە راستکردنەوەی رەوتی دانوستانەکان وەسف کردووە، كە تیایدا رێککەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆكان و تاوتوێكردنی خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی.
راشگەیاندووە، پاریس و واشنتۆن پابەندن بە بەردەوامیدان بە نێوەندگیری لەم گفتوگۆیەدا و پشتگیری لە سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانی ئاشتیانە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام.
سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لەبارەی بە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی سوریا، وتی: پاریس بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسیدا بە پرسێكی پێویست دەزانێت، بەشدارێکی کاریگەریشە لە دانوستانە بەردەوامەکاندا، لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکایش، وتویەتی: باڵیۆز باراک رایگەیاندووە، ئەمریکا پەلە ناکات لە کشانەوە لە سوریا، هەروەها بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە جەنگی دژ بە داعش، هاوکات پاڵپشتی لە تێکەڵبون دەکات لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی داهاتووی سوریادا، بە شێوەیەک شایستەی قوربانیدانەکانی بێت.
