ناوەڕۆکى گفتوگۆکەى وەفدی سوریاو ئیسرائیل لەپاریس ئاشکرا دەکرێت
.png)
11 كاتژمێر لەمەوپێش
تەلەڤزیۆنی سوریا لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی بەرپرسانی سوریاو ئیسرائیل لە پاریس: گفتوگۆی وەفدی وەزارەتی دەرەوەو دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا؛ لەسەر پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەمدواییەو هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بووە لە باشوری سوریا.
لە دیدارەكەدا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی نەكراوە، بەڵكو تەنیا راوێژی سەرەتایی بووە بە ئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكان و دووبارە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی.
لە دیدارەكە وەفدی سوریا جەختی لەسەر یەكێتیی و سەلامەتی و سەروەریی خاكی سوریا كردوەتەوە وەكو بنەمایەك كە قایبلی دانوستان نییە، سوەیداو خەڵكەكە بەشێكی رەسەنی دەوڵەتی سوریاو نابێت لەژێر هیچ بەهانەیەكدا دەست بۆ پێگەیان ببرێت یاخود دابرێندرێن.
وەفدی سوریا جەختی لەوە كردوەتەوە كە گەل و دامەزراوەكانی سوریا هەوڵی جددی دەدەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی كردووە، سورییەكان دواین چەندین ساڵ لە شەڕ چاویان لە ئاسایش و سەقامگیرییەو رەتیدەكەنەوە شوێن هیچ پرۆژەیەكی گوماناوی بكەون كە هەڕەشە لە یەكێتیی وڵاتەكەیان بكات.
وەفدی سوریا هەرجۆرە بوونێكی نایاسایی بیانیی لەسەر خاكی وڵات و قۆستنەوەی توێژەكانی كۆمەڵگەی سوریا بۆ پرۆژەی دابەشكردن و دروستكردنی قەوارەی هاوتەریب رەتكردوەتەوە، كە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و فیتنەی تائیفی.
وەفدی سوریا بەرپرسیارێتیی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی (مەبەستی شەڕی دروزەكانە) خستوەتە ئەستۆی ئیسرائیل و رایگەیاندووە كە سوریا سیاسەتی سەپاندنی واقیعی نوێ لەسەر خاكەكەی قبوڵ ناكات.
لە گفتوگۆكەدا باس دووبارە كاراكردنەوەی رێككەوتنی راگرتنی شەڕ كراوە بە گەرەنتی نێودەوڵەتییەوە، هاوكات داوا كراوە هێزەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی خێرا لەو خاڵانە بكشێنەوە كە بەمدواییە پێشڕەوییان بۆ كردووە.
لە كۆتایدا وەفدی سوریاو ئیسرائیل رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەئایندەدا دیداری تر بكەن بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە باشور (مەبەستی پارێزگای سوەیدا)یە.
گفتوگۆكە راشكاو و بەرپرسانە بوو، لەچوارچێوەی هەوڵەكاندا بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بەبێ ئەوەی هیچ سروشتێكی رێككەوتن لەخۆبگرێت.
دەوڵەتی سوریا پابەندە بە بەرگریكردن لە یەكێتیی خاك و گەلەكەی، هەر پرۆژەیەك بۆ دابەشكردنی وڵات و راكێشانی بەرەو ململانێی ناوخۆیی رەتدەكاتەوە.
