تاران داوای قەرەبوو لەواشنتۆن دەکات بۆ زیانەکانی لەشەڕى ئیسرائیل

22 كاتژمێر لەمەوپێش



خولێکی نوێی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر لە ٥٠ کەس و قەوارە دەکاتە ئامانج، ئەمە جگە لە زیاتر لە ٥٠ کەشتی کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە بازرگانی بن کە خاوەنەکەی کوڕی بەرپرسێکی باڵای تارانە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە سەپاندنی سزا نوێیەکانی ئەمریکا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزى ئەمریکى ڕاگەیاندوە، ئێران پابەندە بە پیتاندنی یۆرانیۆمى ئاشتیانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا دەبێت ڕازی بێت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی ئێران لە جەنگی مانگی ڕابردوودا تووشی بووە، چونکە تاران هەڵوێستی خۆی توندتر دەکاتەوەو مەرجی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەسەپێنێت.

هەر لەو ڕاپۆرتەى ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزدا ئاماژە بەوە کراوە کە عێراقچى و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە کاتی شەڕ و دوای شەڕەکە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەو جەختی لەسەر پێویستی گەیشتن بە "چارەسەرێکی براوە-بردنەوە" کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو ناکۆکییە لەمێژینەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

وەزیرى دەرەوەى ئێران، کە هاوکات سەرۆکی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێرانە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ویتکۆف پێشنیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی کرد، ئێران پێویستی بە ڕێوشوێنی متمانەی ڕاستەقینە هەیە لەلایەن ئەوانەوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچى ڕایگەیاندووە کە ئەمە دەبێت قەرەبووی دارایی لەخۆبگرێت، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی بخاتەڕوو، هەروەها گەرەنتی ئەوەش دەکات کە لەکاتی دانوستانەکاندا جارێکی دیکە هێرش نەکرێتە سەر ئێران.

ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە سەپاندنی خولی نوێی سزاکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند، کە زیاتر لە ٥٠ کەس و قەوارەی کردە ئامانج، هەروەها زیاتر لە ٥٠ کەشتی کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە بەلەمێکی بازرگانی بن کە خاوەنەکەی کوڕی بەرپرسێکی باڵای تاران بوو.

نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوە لە خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەم سزایانە "گەورەترین سزاکانی پەیوەست بە ئێرانن لە ساڵی 2018ەوە" و بەلەمێکی نەوتهەڵگر و کەشتییە کۆنتێنەرەکانی سەر بە محەمەد حسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری نزیکی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران دەکەنە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار