شەیبانی چاوی بە پوتین دەکەوێت

21 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆبوونەوەکانی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە مۆسکۆ تا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ گەشت بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ناکات، بڕیاریشە شەیبانی دوای دیدارەکەی لەگەڵ لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ چاوی بە پوتین دەکەوێت، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵى ئەلعەرەبیە.
حکومەتى ڕوسیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە گەشتی مۆسکۆ دەکات، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمیی بەرپرسێکی حکومەتی سوریایە بۆ ڕووسیا لە دوای لادانی بەشار ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی مۆسکۆ دەکات و لە 31ی تەمموزدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتووێژ دەکات.
زاخارۆڤا هەروەها ڕایگەیاندووە، "رۆژی 31ی تەمموز لە مۆسکۆ گفتوگۆ لەنێوان سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و ئەسەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بەڕێوەدەچێت، بڕیارە تاوتوێی پرسە هەنوکەییەکانی کارنامەی دووقۆڵی بکەن، هەروەها پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان" ئەمەش بەگوێرەی ئاژانسى تاس.
لەئێستادا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و ڕووسیا لە مۆسکۆ دەستى پێکردوە، هاوکات بڕیاریشە شەیبانی دوای دیدارەکەی لەگەڵ لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکى ڕوسیا بکەوێت.
لەلایەکى دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، کۆبونەوەیەکی وەزاری لە نێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریاو، رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.
ئاژانسەکە، لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە رایگەیاندووە: کۆبونەوەکە لەسەر دۆخی ئەمنی بەتایبەتی لە باشوری سوریا دەبێت، ئەوەش دوای سەردانی شەیبانی دەبێت بۆ مۆسکۆ، كە بڕیارە هەر ئەمڕۆ ئەنجامیبدات.
ئەوە لەكاتێكدایە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندبوو: کۆبونەوەیەکی بێ وێنە لە نێوان وەزیری دەرەوەی سوریاو وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریس ئەنجامدراوە.
