ئەمریکا سبەینێ دوو بەرپرسى باڵاى دەنێرێتە غەززە

دوێنێ
بەبڕیاى دۆناڵد ترەمپ، سبەینێ، دووبەرپرسى باڵاى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیل و غەززە دەکەن، بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ ئاگربەست و چۆنیەتى گەیشتنى هاوکارییە مرۆییەکان بەخەڵکى برسى غەززە.
وتەبێژى کۆشکی سپی ڕایگەیاند سبەی مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەردانی غەززە دەکەن و پێداچوونەوە بە گواستنەوەی هاوکارییەکان دەکەن و چاویان بە هاووڵاتیانی غەززەش دەکەوێت.
ویتکۆف و هاکابی سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ دانیشتوانی کەرتی غەززەدا دەکەن، ئەمشەو ویتکۆف و هاکابی گفتوگۆیەکی زۆر بنیاتنەریان لەگەڵ نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەى حکومەتى ئیسرائیل سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە ئەنجامداوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵاى ئیسرائیل، ڕایگەیاند بنیامین ناتانیاهۆ، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، سەبارەت بە چونیەتى ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس گفتوگۆیان کردوە کە وردە وردە و بەش بەش هەنگاو بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر تاوتوێ کراوە.
هاوکات ئەوەشخراوەتە ڕوو تەلئەبیب و واشنتۆن کاردەکەن بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە شەڕو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى.
لەگەڵ واشنتۆن لێکتێگەیشتنێک دەکرێت بۆ ئەوەی بەرەو چوارچێوەیەک بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و چەکداماڵینی حەماس هەنگاو بنێن.
ویتکۆف دوای سەردانەکەی بۆ غەززە لەگەڵ ترامپ قسەدەکات بۆ پەسەندکردنی پلانی کۆتایی دابەشکردنی یارمەتییەکان.
دوای ماوەیەکی کەم لەسەردانەکەى ویتکۆف بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیدا پەیامێکى بڵاوکردەوە، نوسیویەتى: خێراترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە مرۆییەکان لە غەززە ئەوەیە، حەماس تەسلیم بێت و بارمتەکان ئازاد بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە ترامپ لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا ناکۆکە لەسەر دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی.
