ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و پاکستان بۆ 10 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسعوود پزیشکیان ئەمڕۆ شەممە، پێش ئەوەی بەرەو پاکستان بڕوات، ڕایگەیاند: "لەگەڵ شاندێکی باڵا لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، گەشت بۆ ئەم وڵاتە دەکەم".
سەرۆک کۆمارى ئێران ئەوەشى زیاد کرد: پێوەندی باش، دڵسۆز و قووڵی نێوان ئێران و پاکستان لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم وڵاتە خۆشەویستە درێژەی هەبووە؛ ئەو پەیوەندیانە لەبوارى ئابووری، زانستی، فەرهەنگی و سنوورییەکان جێبەجێ دەکرێن و پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان خەڵکی ئێران و خوشک و برا خۆشەویستەکانمان لە پاکستاندا هەیە.
پزیشکیان باسی بەهێزکردن و پەرەپێدانی بازرگانی سنووری لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە لەگەڵ پاکستان کرد وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئەم گەشتە و دەشڵێت: لە ڕێگەی پاکستانەوە دەتوانین پەیوەندی بە ڕێگای ئاوریشمی نێوان چین و پاکستانەوە بکەین و ئەم ڕێگایە دەتوانین لە ڕێگەی ئێرانەوە بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە.
سەرۆک کۆمار پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و پاکستانی بە باشی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە: پلانمان هەیە بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بۆ ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.
هەر لەوپەیامەیدا سەرۆک کۆمارى ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجمان پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئێران و پاکستانە، جەختی لەوە کردەوە: دوژمن پلانی هەیە بۆ دروستکردنی ناتەبایی لەنێوان موسڵمانان و ان شاءاللە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پلانی دوژمن دەدەین.
ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو لە پرۆسەی نادادپەروەرییەکان و دەسدرێژکاری ترسنۆکانەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر خاکی خۆشەویستی ئێران کە دژی یاسا نێودەوڵەتییە، پاکستان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە توندی ئەم دەستدرێژییەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هەر پاڵپشتییەکی پێویست بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران و هەروەها حکومەت و خەڵکی ئێران پێشکەش دەکات و ئەمەش جێی ڕێزو پێزانینە.
پزیشکیان زیادی کرد: پرسی ئاسایش و سنوور بۆ ئێمە و بۆ براکانمان لە پاکستان گرنگییەکی زۆریان هەیە و لەم بارەوە گفتوگۆمان دەبێت و هەوڵ دەدەین بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەوە.
