سودانی: هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

24 كاتژمێر لەمەوپێش



محەمەد شیاع سودانى، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە هیچ هۆکارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دواناخەن، جەختیشیکردەوە، لەوادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لە کاتی سەردانکردنی بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و بەسەرکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی باسى پرۆسەى هەڵبژاردنى کردووە و رایگەیاندووە، هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەبێت ‌و حكومەت پابەندە بە ئامادەكردنی مەرجەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیان ودابینكردنی كەشێكی سەلامەت و سەقامگیر بۆ دەنگدەران و كاندیدەكان.

سودانى هەر لە قسەکانى باسى چەند پرسێکى دیکەى کردووە و ئەوەشى راگەیاندووە، ئەمڕۆ واقیعێكی نوێیان بۆ عێراق هەیە، ئامانجیان پێشكەوتنە بۆ دەوڵەتێكی باشتر لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە، لە پێشەنگییان پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرەڕای ماوەی كورتی ئەم حكومەتە، بناغەیەكی تۆكمەیان داناوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك بەو سەرچاوە وتوانایانەی، كە ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەیان دابین بكات.

پێشتریش لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن و رایگەیاند، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.

بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆن بەپێی خشتەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، دەستی بە جێبەجێکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار