بەرپرسێکى باڵاى ئێران: واشنتۆن دانوستانەکانى تێکدا

21 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێران جارێکى دبکە ئەو تۆمەتانەى باسکردەوە کە ئەمریکا یە تێکدانی دانوستانەکان تۆمەتبار دەکات کە چەند مانگێک لەمەوبەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەستی پێکردبوو.
محەممەد ڕەزا عارف یاریدەدەری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانەی کۆنفڕانسێکدا سەبارەت بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە تورکمانستان وتی: هەندێک وڵات پشتیوانی ئیسرائیلیان کردووە لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەمان، لەبری ئەوەی ئەم دەستدرێژییە شەرمەزار بکەن.
هەروەها ئەمریکای بە پاڵپشتیکردنی کیانی ئیسرائیل و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییە ئاشتییەکانی ئێران" تۆمەتبار کرد.
ئەو بەرپرسە باڵایەى ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە واشنتۆن مێزی دانوستانی لە کاتێکدا لەناوبرد کە ڕێکخستن بۆ گەڕی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکرا، ئەمەش جارێکی دیکە بێمتمانەیی جیهانی بە بەڵێنەکانی ئەمریکا بەهێزتر کرد.
لەلایەکى دیکەوە سەعید خەتیب زادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا کە تاران هیچ پەلەیەکی نییە بۆ بەشداریکردن لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ یان دانوستان لەگەڵ واشنتۆن.
ئێران و ئەمریکا پێنج خولی دانوستانیان بە نێوەندگیری سوڵتانییەتی عومان ئەنجامدا، بەڵام لە ئەنجامی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، کە ئەمریکا بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەشداریی تێدا کرد، دانوستانەکان ڕاگیرا.
