پەرلەمانى عێراق تەنها ٢٥ خولەک کۆبویەوەو گرژى دروستبوو

2 مانگ لەمەوپێش
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆبوویەوە، بەڵام دواى تەنها ٢٥ خولەک گرژى دروستبوو بەوهۆیەوە دانیشتنەکە تەواونەکراو دواخرا بۆ سبەینێ.
بڕیار ڕەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر فراکسیۆنى یەکێتى لەوبارەیەوە وتى: لەئەنجومەنی نوێنەران گرژی دروستبوو، بۆیە جەلسە هەڵگیراو تەواو نەکرا، گرژیەکەش بەهۆى زیادکردنى چەند بڕگەیەکەوەبووە بۆ دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان.
لەلایەکى دیکەوە، محەمەد زیادی، ئەندامی پەرلەمان، وردەکاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی ئاشکراکردوەو وتى: دوای کەمتر لە نیوکاتژمێر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکە گرژى و ناوکۆکى ناکۆکی نێوان مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی (موحسین مەندەلاوی)و (شاخەوان عەبدوڵا) دروستبووەو بەوهۆیەوە دانیشتنەكە هەڵگیرا.
ئەو پەرلەمانتارە بەکەناڵى دیجلە نیوزی ڕاگەیاندوە، "سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەندێک گروپ و فراکسیۆن گفتوگۆی لەسەر ئەگەری پەیوەستبوون بە دانیشتنەکە دەکرد، بەڵام سەری سوڕما لە خستنەڕووی بڕگەیەک لەلایەن مەندەلاوی بۆ دەنگدان.
سەرباری ناكۆكی و دەمەقاڵیی دەستەی سەرۆكایەتیی، لە خواریشەوە لەناو پەرلەمانتاراندا دەمەقاڵێ و شەڕە دەست روویداوە.
لە دانیشتنەكەدا پەرلەمان دەنگیدا لەسەر زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرناممەی كاری خۆی كە ئەویش بڕگەی "دەنگدان لەسەر سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی راژەی فیدراڵ"و دەنگدان لەسەر "سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت" بوو، مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمان دژی زیادكردنی ئەم بڕگەیە بوو.
هەروەها ئەوەش دەڵێت: ئەو بابەت و بڕگانە کە بڕیاربوو زیادبکرێت پێشتر لە نێوان فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە هیچ ڕێککەوتنێکى لەسەر نەکراوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی زارەکی لەنێوان مەشهەدانی و مەندلاوی، کە دواتر تەشەنەی کرد بۆ ئەندامانی پەرلەمان و لە ئەنجامدا دانیشتنەکە دواخرا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ لیژنەى مافى مرۆڤیش دەلێن پرۆژە یاساى ئازادى گربوونەوەو خۆپیشاندان کشێنراوەتەوە. بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەیش دەڵێن ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا دانیشتنەکەى ئەمڕۆ دوابخرێت.
