نەتانیاهۆ: غەززە داگیردەکەین ئەگەر بارمتەکانیش زیانیان پێ بگات

17 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی کۆبووەوە بۆ ئەوەی پلانەکانی جەنگی غەززە بەهێرشکردن کۆتایی پێبهێنێت.
بەپێی زانیارییەکانى میدیا ئیسرائیلیەکان ڕۆژی سێشەممە کەئەو کۆبونەوەیە کراوە بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ ئەو بۆچونەدا بووە کە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی غەززەیە لەلایەن سوپاى وڵاتەکەیەوە، تەنانەت ئەگەر بەو مانایەش بێت کە ئەو بارمتانەى ماون زیانیان پێ بگات یان لەلایەن حەماسەوە لەسێدارە بدرێن و بکوژرێن.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بوو کە چەندین ڕاپۆرت بڵاوکراونەتەوە کە باس لە زیادبوونى گرژییەکانی نێوان سەرۆک وەزیران و لیوا ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەکەن سەبارەت بە ئاسۆی داگیرکردنی تەواوی ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوەکردووە، نەتانیاهۆ “ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی ئەمنی سنوورداری ئەنجامدا کە نزیکەی 3 کاتژمێری خایاند، تیایدا سەرۆکی ئەرکان بژاردەکانی درێژەدان بە هەڵمەتەکە لە غەززە خستەڕوو”.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراووە، سوپاو هێزەکانى دیکەى ئاسایش ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی هەر بڕیارێک کە لەلایەن کابینەی ئەمنیەوە بدرێت، ئەمەش ئاماژەیەکی دیارە بۆ دژایەتییە هەواڵییەکانی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ پلانەکانی داگیرکردنەوەی غەززە، ئەمەش دوای تێکچوونی دانوستانەکانی ئاگربەستی بارمتەکان لەگەڵ حەماس لە چەند هەفتەی ڕابردوودا.
ئەوانەی کە بەشداری کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەیان کردبوو بریتی بوون لە وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز، وەزیری کاروباری ستراتیژی ڕۆن دێرمر و سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی IDF مەیجر جەنەڕاڵ ئیتزیک کۆهین.
ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردەوە، ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ڕاستڕەوی توندڕەو و بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی - هەردووکیان داکۆکیکاری سەرسەختی دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە - لە کۆبوونەوەکە دوورخرانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ناتانیاهۆ لەم هەفتەیەدا بە وەزیرەکانی ڕاگەیاندووە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ناو یەکێتیی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل، داوای پشتیوانی لە کابینەی حکومەت دەکات بۆ پلانێک بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە بە تەواوی.
دەوترێت زەمیر دژایەتی ئەو پلانە بووە، بەرپرسانی باڵای نزیک لە نەتانیاهۆ کە ناویان نەهێنراوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێدەکەن ئەگەر فەرمانەکانی بەدڵ نەبوو.
كەناڵی ١٢ى ئیسرائیل ئەمشەو بڵاویکردەوە بەرپرسێکی باڵا لە نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بڕیارەکە دراوەو لەچەند رۆژى داهاتوو کەرتی غەززە بەتەواوى داگیر دەکەین.
بەوتەى بەرپرسە باڵاکە حەماس هیچ بارمتەیەک بەبێ تەسلیمبوونی تەواوى ئیسرائیل ئازاد ناکات، ئێمەش تەسلیمى حەماس نابین، ئەمەش بە واتاى ئەوەدێت سوپا دەچنە ئەو ناوچانەش تا ئێستا ئیسرائیل خۆی بەدوور گرتووە لەوەى چالاکیی سەربازی تێدا ئەنجامبدات.
کەناڵە لەزارى نوسینگەى ناتانیاهۆوە ئەوەشى گواستوەتەوە کە بڕیارى ئەوەدراوە کە ئەگەر ئێستا هەڵسوکەوت و دەستپێشخەرى نەکەین، بارمتەکان لە برسێتیدا دەمرن و غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە.
هاوكات کەناڵی (١٢)ی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە: ناتانیاهۆ خواستی لە فراوانکردنی هێرشەكان و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە.
لای خۆیەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەگەر داگیرکردنی کەرتی غەززە بۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئيسرائيل (ئیال زامیر) گونجاو نییە، با دەست لەکاربکێشێتەوە، وەك وەڵامێك بۆ زامیر، كە دژی داگیركردنی تەواوەتی كەرتی غەززەیە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بارمتەکانی لێیە.
