لە کەربەلا ٦٠٠ زیارەتکارانی شیعە ژەهراوى بوون

12 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند، 621 کەس بەهۆی دزەکردنی گازی کلۆرەوە لە وێستگەیەکی ئاو ژەهراوى بوون، ئەو وێستگەیە تایبەتە بەپاککردنەوەى ئاوى خواردنەوە بۆ زیارەتکارانی شیعە دانراوەو کەوتەوە سەر ڕێگەی کەربەلا.
بەپێى ڕاگەیەندراوەى وەزارەتەکە زۆرینەى ئەوانەى براونەتە نەخۆشخانە تەندروستیان زۆرباشەو دواى وەرگرتنى چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوەو تەنها چەند کەسێکى کە ماونەتەوەو مەترسى لەسەر ژیانیان نییە.
پێشتر هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاندبوو حاڵەتی ژەهراوی بوونەکە "سنووردارە"و بەهۆی دزەکردنی کلۆرەوەبووە لە یەکێک لە بۆریەکانى ئاوەکەوە دەرچووە لەو وێستگەیەى کە لەسەر ڕێگای نێوان کەربەلا و نەجەفە.
ڕووداوەکە شەوی یەکشەممە، لەسەر ڕێگای بەیەکەوە گرێدانی شارەکانی نەجەف و کەربەلا ڕوویداوە، کە مەزارەکانی ئیمام حسێن و عەباسی برای لێیە.
شاری کەربەلا کە دەکەوێتە ١١٠ کیلۆمەتر لە باشووری بەغداوە، لەم هەفتەیەدا پێشوازی لە ملیۆنان حاجی شیعەى لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی ئێرانەوە دەکات بۆ یادکردنەوەی ئەم بۆنە ئایینییە.
عێراق زۆرجار تووشی ڕووداو دەبێت بەهۆی تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێنەکردنی ستانداردەکانی سەلامەتی، بەتایبەتی لە کەرتی گواستنەوە و بیناسازیدا. بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووداوەکان لەوانە ئاگرکەوتنەوە و داڕمانی بیناکان.

