نەتانیاهۆ: کۆنترۆڵکردنی غەززە زۆر خێرا دەبێت و بارمتەکان وەردەگرینەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختى کردەوە داگیرکردنی شاری غەززە لە ماوەیەکی کورت و زۆر بەخێرایی ئەنجام دەدرێت، چونکە دەمانەوێت کۆتایی بەشەڕەکە بهێنین و بارمتەکان بگەڕێنینەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا، ئاماژەی بەوەدا، حەماس ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت، بۆیە ئێمەش درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کەرتی غەززە دەدەین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد، نامانەوێت کەرتی غەززە داگیر بکەین بەڵکو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین، هەروەها دەمانەوێت ئیدارەیەکی مەدەنی لە غەززە هەبێت.

جەختی لەوە کردەوە، حوکمڕانی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینیان لە غەززە ناوێت. گوتیشی: ئەگەر حەماس چەک دابنێت سبەی شەڕ کۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەدا کە چەند پێشنیارو ئەگەرێک هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، دواى ئەوەى داگیرمانکرد، وتیشى: دەمانەوێت دەسەڵاتێکی مەدەنیی هەبێت، پشتێنەیەکی ئەمنی لەسەر سنوور دروستبکرێت، بەڵام نابێت حەماس لە غەززە بمێنمەوە.

ناتانیاهۆ، ڕایگەیاند: کۆنترۆڵی لە 75%ـی کەرتی غەززەمان کردووە، هەروەها پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە خێراتر دەکەین. سەرەنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەوڵەتی جووەکان ڕووبەڕووی درۆ و چەواشەکاری بوونەتەوە.

لە بارەی بارمتەکانەوە، ناتانیاهۆ، گوتی: لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی غەززە سەرجەم بارمتەکان ڕزگار دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئەگەڕ بە خێرایی ئەو کارە نەکەین زۆرێک لە بارمتەکان لەوانەیە لە برسێتییان بمرن.

سەبارەت بە دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، ئیسرائیل ڕێڕەوی سەلامەت و ناوەندیی نوێی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە دەکاتەوە.

گوتیشی: ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ڕێگریکردنی لە تاڵانکردنی هاوکارییەکان لە لایەن حەماسەوە، چونکە حەماس هەمیشە هەوڵ دەدات بەرنامەی دابەشکردنی هاوکارییەکان بکاتە ئامانج.

لە بارەی سەرکردەکانی وڵاتانەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان پێمان دەڵێن، "ئێمە دەزانین ئێوە ڕاست دەکەن و مافی خۆتانە درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانتان لە غەززە بدەن، بەڵام ئێمەش ناتوانین لە وڵاتەکانمان و بە تایبەت ئەورووپا ڕووبەڕووی بیروڕای گشتی ببینەوە"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار