شەرقلئەوسەت:بەشێکی سەردانەکە بابەتی چەکداماڵینی گرووپەکان بووە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی راگەیاند، سەردانەکەی دوێنێی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ بەغداد کتوپڕ نەبووە وەک ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو پێشتر پلانی بۆ دانراوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیش هیچ رێکەوتنی ئەمنی نەکراوە، ئەوەی کراوە یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پێشتر عێراق دەیان یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا کردووە.
دەشڵێت، سەردانەکە ئاسایی بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت ئێستا زیارەتکارێکی زۆری ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حسێن لە عێراقن، جگە لەوەش هەڵسەنگاندن بووە بۆ دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کۆبوونەوەکەی لاریجانی و سودانی و ئەعرەجی.
سەرچاوەیەکی دیکەش بە رۆژنامەکەی گوتوە، ئێوارەی دوێنێ لاریجانی چوەتە نەجەف و ئەگەری زۆر هەیە چاوی بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بکەوێت، هەرچەندە پێشتر سیستانی ئامادەنەبوو چاوی بە مەسعود پزشکیان سەرۆکۆماری ئێران بکەوێت کاتێک ساڵی رابردوو سەردانی عێراقی کرد.
هاوکات د.ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق، دەڵێت، سەردانەکەی لاریجانی هاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا و بەیروت سەبارەت بە چەکداماڵینی هێزە چەکدارەکان.

