لەکاتى شەڕى ئیسرائیلەوە ئێران 21 هەزار کەسى دەستگیرکردووە

دوێنێ
ئاژانسی هەواڵی میهر، لە زاری عەمید مونتەزیر ئەلمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران، سەبارەت بە کارەکانی پۆلیسی پسپۆڕ لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، بڵاوی کردەوە "لەم ڕۆژانەدا جیھانی سایبەری بووەتە بەرەیەکی گرنگی شەڕ و پۆلیسی سایبەریی ئێران، بە لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە پێنج هەزار و 700 دۆسیەی تاوانی ئەلیکترۆنی، لەوانە ساختەکاری ئۆنلاین و بردنی نایاسایی، ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە."
گوتەبێژی پۆلیسی ئێران، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕان گوتی: پۆلیسی ئاسایشی گشتی بە دامەزراندنی گرووپی وەڵامدانەوەی خێرا، ڕۆژانە، 105 یەکەی بۆ ناوچە ئاڵۆزەکان ناردووە و لەم ماوەیەدا 30 کەس لە ئاژاوەگێڕان دەستگیر کراون. هەروەها 147 پەیجی پەیوەندیدار بە ئاژاوەگێڕان لە جیھانی سایبەریدا ناسێنراونەتەوە.
گوتیشی: یەکێک لە سەرکەوتنە هەرە دیارەکانمان پووچەڵکردنەوەی پیلانی کۆبوونەوەیەک بوو لە گۆڕەپانی فەلەستینی تاران، کە بە هەماهەنگی هێزەکانمان لە کاتی خۆیدا، نەخشەی دوژمن شکستی هێنا."
گوتەبێژی پۆلیس، سەبارەت بە ڕووداوی زیندانی ئێڤین جەختی کردەوە "یەکەی ئاسایشی باکوور لە کەمتر لە 5 خولەکدا لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوو و توانی 127 زیندانیی هەڵاتوو دەستگیر بکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بۆمبە نەتەقیوەکان دەستنیشان کران و زیاتر لە 15 بریندار بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
مونتەزیر ئەلمەهدی، سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی گوتی: هێزەکانی پۆلیس دوو هەزار 776 هاووڵاتی نایاساییان کۆکردەوە و دوای پشکنینی مۆبایلەکانیان، 30 حاڵەتی تایبەتی ئەمنی دۆزرایەوە. هەروەها 261 گومانلێکراوی سیخوڕی و 172 تۆمەتباری وێنەگرتنی نایاسایی دەستگیرکران.
گوتەبێژی پۆلیس، لە کۆتاییدا ڕایگەیاند "زیادبوونی %41ی پەیوەندییەکانی خەڵک و دەستگیرکردنی 21 هەزار گومانلێکراو لە جەنگی 12 ڕۆژەدا نیشانەی وریایی و بەشداریی بەرزی خەڵکە لە دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانیدا."
