ئیدارەی خۆسەری: دەبێت هەسەدە لایەنێكی سەرەکی بێت لەهەر پرۆسەیەكی سیاسی

16 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە، ئامادەیی خۆیشی بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی دەستەیەکی کاتی بۆ حکومڕانی سووریا، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی.
ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا جەخت لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەكاتەوە وەک لایەنێكی سەرەکی لە هەر پرۆسەیەکی سیاسیدا.
ئیدارەی خۆسەری لە بەیاننامەیەکدا، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش و پێکهێنانی دەستەیەکی حوکمڕانی راگوزەری گشتگیر.
ئاماژەی بەوەشکرووە: پەراوێزخستنی ئەو هێزە چالاکانەی نوێنەرایەتی ملیۆنان هاوڵاتی سوری دەکەن، دەبێتە هۆی شکستی پرۆسەی سیاسی.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئێمە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش بە تاکە چوارچێوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی راستەقینە لە سوریا دەزانین، داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڕەشەکان دەكەین لە هەر لایەنێکەوە بێت، ئامادەشین لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بەشداری بکەین، بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان.
