ئەو پێنج کەسە کێن یاوەرى پوتینن بۆ کۆبونەکەى لەگەڵ ترەمپ؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە سبەینێ هەینى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان دەبێت لە دوای ساڵی  2018 کە ئەو کات لە هیلسنکی کۆبوونەوە. 

بەرپرسێکى باڵاى ڕوسیا ناوى ئەو پێنج کەسەى ئاشکراکردوە کە یاوەرى  پووتین دەکەن کاتێک لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە.

یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکایەتی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە پێکهاتەی شاندەکانی ڕووسیا و ئەمریکا دیاری کراوە.

یاریدەدەری کرێملین ڕایگەیاند، لوتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی ڕۆژی هەینی، نەک تەنیا لەسەر ململانێی ئۆکرانیا بەڵکو کارنامەیەکی ئەمنی فراوانتر دەبێت و چەندین بەرپرسی باڵای ڕووسیا تێیدا بەشدار دەبن.

ئوشاکۆڤ وتی: بەشداربووان دەستنیشانکراون و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسە زۆر گرنگ و هەستیارانەی باس دەکرێن، مەودای بەشداربووانی دانوستانەکان فراوان نییەو چەند کەسێکى دیاریکراو دەبن,

بەرپرسەکەى ڕوسیا وتى: شاندەکە جگە لەسەرۆک پێکهاتون لە سێرگی لاڤرۆڤوەزیرى دەرەوە، یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەر لەسەرۆکایەتى ڕوسیا،  ئاندرێ بیلۆسۆڤ وەزیری بەرگرى و ئەنتۆن سیلوانۆڤ وەزیرى دارایی و کیریل دیمیتریڤ نوێنەرى تایبەتی سەرۆک کۆمار بۆ وەبەرهێنان و هاریکاری ئابووری لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە.

یاریدەدەری سەرۆکایەتی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن ناو شاندە بەشداربووەکەى ئەمریکاشى دەستنیشانکردووە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە ناوەکانیان ئاشکرابکات و دەڵێت "باشترە چاوەڕێی ڕاگەیاندنێک بکەین لەلایەن هاوبەشە ئەمریکییەکانمانەوەو خۆیان ناوى ئەوان ڕابگەیەنن".

بڕیارە دوابەدوای کۆبوونەوەکە هەردوو سەرۆکى ئەمریکا و ڕوسیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن، کە ڕەنگە ئەو کەشوهەوایە ئاشکرا بکات کە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا زاڵ بووە.

سەبارەت بە ماوەى کۆبونەوەکانیان لەو چوارچێوەیەشدا یاریدەدەری پوتین ڕوونیشیکردەوە کە "ماوەی دانوستانەکان پەیوەستە بە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆک، هەربۆیە پەیوەستە بە هەردوو سەرۆکەکەوە" ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی ڕووسیا لەدواى کۆتاییهاتنی دانوستانەکاندا شوێنە بەجێدەهێڵن و دەڕۆن.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لووتکەکە لە بنکەی سەربازی ئیلمۆندۆرف ریچاردسن لە نزیک شاری ئەنکۆرەیجی پایتەختی ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێوەدەچێت. 
 
بنکەکە بەرپرسە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئاسمانی و دەریاییانەی رووبەڕووی ئەمریکا دەبنەوە. 
 
بەرپرسانی ئەورووپا رەخنەیان لە لووتکەکە گرتووە بەوەی، کە نابێت بەبێ بەشداری سەرکردەکانی ئەورووپا و ئۆکراینا بڕیار لەبارەی جەنگەکەوە بدرێت. 
 
شوباتی 2022، رووسیا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا کرد و دواتر ئەویش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. ئەم ساڵ چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کراون، بەڵام جگە لە رێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی بارمتە و تەرم نەبوونە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار