بانکی رافیدەین رێگری لە سپیکردنەوەی پارە دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بانکی رافیدەینی عێراق لە واشنتن گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای K2 Integrityی ئەمریکی واژۆ دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

بەپێى راگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، بانکی رافیدەینی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکی کردووە بۆ ئەوەی هەم چاودێری کاروبارەکانی بکات و هەم راوێژی بداتێ. ئەم هەنگاوەی رافیدەین دوای ئەوە هات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای چەند بانکێکی عێراقیدا.

ئەمریکا دەیەوێت ئاگای لە جموجۆڵی پارە بێت و رێ لە سپیکردنەوەی بگرێت و نەهێڵێت دۆلار بچێتە دەرەوە.

رێککەوتنەکە لە بارەگای باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن واژۆ کراوە و ئەو باڵیۆزخانەیە وردەکارییەکەی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی بانکی رافیدەین، ئەو گرێبەستە رێککەوتنێکی هاوبەشیی پیشەییە لەنێوان بانکەکە و کۆمپانیای K2 Integrityی ئەمریکی. رێککەوتنەکە بە پشتبەستنە بە بڕیاری ژمارە (23274)ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
 
کۆمپانیای K2 Integrityی ئەمریکی لە بواری راوێژکاریی دارایی و چاودێریدا کار دەکات، هاوکات وردبینی لە مامەڵەکانی فرۆشتنی دۆلار دەکات بە نرخی فەرمی، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ هەناردەکاران دابین دەکرێت.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە پاکێجێکی گشتگیری خزمەتگوزاری دەداتە بانکی رافیدەین، لەوانەش، بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، جێبەجێکردنی سیستمەکانی پابەندبوون بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت، هەروەها بەهێزکردنی ژێرخانی چاودێریی بانکە عێراقییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار