پۆلیس: شاسوار عەبدولواحید تەندروستى تێکنەچووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
پۆلیسى سلێمانى دەنگۆی تێکچوونی رەوشی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید رەتدەکاتەوەو دەڵێن هیچ کیشەیەکى نییە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاند، دەنگۆی تێکچوونی رەوشی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید ناڕاستە، لە ئێستادا ناوبراو لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییە و رەوشی تەندروستی جێگیرە.
ئەمەش لەکاتێکدایە نیوەرۆى ئەمڕۆ سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ڕەوشى تەندروستى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەزیندان تێکچووەو بارودۆخى تەندروستى ناجێگیرە.
کوردەوان جەمال سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کوردستان، لەوبارەیەوە وتى: دایکى و هاوسەرەکەى بینیویانەو بارودۆخى تەندروستى تێکچووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگرى دەکرێت و چاودێرییەکى وردو پاسەوانیەتێکى زۆرى لەسەرە نەتوانراوە بیبین.
شەوی ١٢ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەلایەن هێزێکی پۆلیسەوە لەماڵەکەى خۆى لەسلێمانى دەستگیرکرا.
پێنجشەممە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٥، دواى نۆ رۆژ لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بردرایە بەردەم دادگا و وتەی لێوەرگیرا، ناوبراو لەبەردەم دادوەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون رەتکردەوە.
