مووچەی مامۆستایانى گرێبەست دابەش دەکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە مووچەی مانگی تەمموزیان وەرگرت، بەڵام مامۆستایانى گرێبەست کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەسە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەگوێرەی بە زانیارییەکان لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچە ئەوانیش دابەشدەکرێت.
دوێنێ لە رێگەی بانکەکان و ئەمڕۆش لە رێگەی فەرمانگەکانی حکومەتەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز کرا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت".
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانى گریبەست راگەیاند:" وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندون لەگەڵ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە مووچەیان پێنادرێت، هۆکارەکەشیان بۆ نەبوونی پارەی نەختینە (کاش) گەڕاندووەتەوە.
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پەروەردە و خانەنشینانی مەدەنی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینی پێشمەرگە، دەستەی دەستپاکیی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ دابەشدەکرێت.
بۆ مانگی تەممووز، 500 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو گرێبەستەکان و ئەوانەی لە دوای 01ـی تەمموزی 2024 دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن.
مامۆستایانی گرێبەست لە پەوەردە و خوێندنی باڵا، مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 21 ملیار دینارە.
ئەمڕۆ 2ـی تشرینی یەکەم، مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، کە ژمارەیان زیاتر لە 111 هەزار مامۆستایە، مووچەی مانگی تەمموزیان وەرگرت، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە مووچەیان پێنەدرا.
