لە سلێمانی و هەڵەبجە 200 کاندید کێبڕکێ لەسەر 18 کورسی دەکەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
تائیستا بە شێوازێکی زۆر ئارام و تەندروست پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەسەر شەقامەکانی سلێمانی دروستنەبووە کە ساڵانی پێشوو بە شێوازێکی بەرچاو دەبیندران.
لە ماوەی ڕابردوودا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، کۆمەڵێک وۆرکشۆپ و سمیناری تایبەتیان بۆ کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان ڕێکخست بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونی تەواویان هەبێت لەسەر خاڵ و ڕێنماییەکان کە تایبەت کراون بە کۆی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەپێی زانیارییەکان چەند کاندیدێک و لایەنێک بەر لە دەستپێکی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، وێنە و فلێکسیان لەنێو شاردا بڵاو کردەوە کە بووە هۆی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆی هاووڵاتییان، بۆیە هەموو ئەوانە کراون بە ڕاپۆرت و پێشکەشی کۆمسیۆن کراون، نێردراونەتە بەغدا و دواتر ڕێکاری یاساییان لەگەڵدا دەکرێت کە سزاکەی پێبژاردنە تاکوو دوورخستنەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان ڕەچاوی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن و لێژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانییان کردووە کە لە حەوت خاڵ پێکدێت و هەمووی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە بە مەبەستی پاراستنی گیان و ئاسایشی هاووڵاتییان.
ملیۆنێک و 208 هەزار هاووڵاتی لە سلێمانی، مافی دەنگدانیان هەیە.
کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
لهو ههڵبژاردنهدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپهیمانی و 75 لیستی تاكهكهسی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.
چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، دەست پێدەکات.
لە بارەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتوبووی: بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.
