بافڵ تاڵەبانی: تا من قەناعەت نەکەم، حکومەت پێکنایەت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە گوتارێکی ڤیدیۆیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەکە، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد کە تێیدا پەیامی ئاراستەی خەڵکی عێراق و کوردستان کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمەوە رایگەیاند: "تاوەکو من قەناعەت نەکەم بە حکومەتێکی باشتر و جێکردنەوەی خواستی خەڵک و بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە کارنامەی حکومەتدا، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت".
سەرۆکی یەکێتی جەختیشی کردەوە: "تاوەکو بەڵێنەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکرێت حکومەت پێکناهێنرێت. تاوەکو من باوەڕ نەکەم بە رێککەوتنەکان بۆ حکومەتێکی باشتر، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت".
لە کۆتاییدا تاڵەبانی وتیشی: "ئێمە وەک لایەنەکانی دیکە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن فەرامۆش ناکەین، ئەوەی گوتوومانە دەبێت جێبەجێی بکەین، هەرگیزیش ناچینە حکومەتێک کە نەتوانێت خزمەتی خەڵک بکات".
"عێراق دووربخرێتەوە لە دەستوەردانی دەرەکی"
بافڵ جەلال تاڵەبانی داوادەکات لەکاتی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکاندا، لایەن و پێکهاتەکانی عێراق پشت بە خۆیان ببەستن، نەک وڵاتانی دیکە، دەڵێت "نابێت بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق پشت بە وڵاتانی دیکە ببەسترێت، عێراق پیاوی هیچ وڵاتێک نییە، کێشەکانی عێراق بە خودی پێکهاتەکانی خۆی چارەسەر دەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پێویستیەتی بەرنامەیەکی نیشتمانییە".
"دەستوور مێنیۆی چێشتخانە نییە"
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق پابەندی دەستووری عێراق بن و بە "پیرۆز" ناوی دەستوور دەبات و دەڵێت: "بەشێکی خەباتی ئێمە لە عێراق ڕێزگرتنە لە دەستوور. هەموو کێشەکانمان بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەبێت. دەستووری عێراق مێنیۆی چێشتخانە نییە بەدڵی خۆت هەڵیبژێریت، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".
بافڵ تاڵەبانی: دەبێ ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن
سەرۆکی یەکێتی باسی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، کە خۆی وەک ئەندازیاری ئەو ڕێککەوتنە دەناسرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: "دەبێت ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن. نابێت ڕێککەوتنەکان بە میزاجی ئەم و ئەو تێکبچن".
بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
- لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگی یەكێتی (93%) زیادیكردووە
- كێشەی ئێمە لەبەغداد لە موچە گەورەترە
- كە وەزعەكە قورس دەبێت كێ دەچێت بۆ بەغداد؟ كێ هەرگیز خاكی كوردستانی نەفرۆشتووە.
-كە ئیشت كرد هەقە موچە وەربگریت
- كە خوێندنت تەواو كرد دەبێت كارت هەبێت
- ئەبێت ئیشت هەبێت، ئاوت هەبێت، كارەباتان هەبێت، سەیرە تا ئێستا ئەمانە چارەسەر نەكراوە، یەكێتی ئەمانەتان بۆ دابین دەكات
