دوای ئاشبەتاڵەکەی حەماس چی ڕوودەدات؟ ‎

5 كاتژمێر لەمەوپێش



حەبات کوردە

بەڵێ دوای دوو ساڵی لە سەدا ۸٥ ی کەرتەکە بوو بە کەلاوە و ٦٥ هەزار غەززاوی بە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە کوژراون تا ئێستاش نازاندرێ چەند کەس وون بوونە و لە ژێر بینا ڕوخاوەکاندان و برینداران و پەککەوتەکانیش ۱٥٠ هەزاریان تێپەڕاندوە  .

ئێستا ڕێک شەو و ڕۆژێک تێپەڕیوە بە سەر ڕازی بوونی دەست پێشخەریە ۲۱ خاڵیەکی تڕەمپ و سەرانی حەماس گەیشتونەتە قاهیرەی پایتەخی میسڕ و  دەیانەوێ بۆ هەندێ دەستکەوتی لاواز و تاکە کەسی لە گەڵ ویتکۆفی نێردەی تڕەمپ کۆببنەوە و ڕێ و شوێنی خۆ ڕادەستکردنەکانیان و چەکە قورسەکان و تونێل و کارگەکانی دروستکردنی ساڕوخەکانیان و گواستنەوەی پارەکانیان و شێوازی دور خستنەوەی سەرکردەکانیان ، قسە و باسی لە سەر بکەن . لە ڕاستیشدا هەرچیەکی بکەن هیچ لە شێوازی چۆکدادان و دۆڕان و ئاشبەتاڵیەکەیان ناگۆڕێ . 

‎ئەو جارە تڕەمپ زانی کلکی کێ دەگرێ و کێ دەتوانێ قەناعەت بە حەماس بکات خۆیان ڕادەست بکەن ، چونکە لە یەکەم  لێدوانی تڕەمپ دوای ڕازی بوونیان بە مەرجەکانی ،  سەرۆکی ئەمەریکا کەوتە ستایش و سوپاس گوزاری بۆ سەرۆکی ڕاستەقینەی ئیخوانەکانی جیهان ، ئەردۆگانی خۆشەویستی .

‎وا دانێین حەماس کۆتایی هات و کەرتی غەززە ڕادەستی تۆنی بلێری کۆنە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرا و ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکرد و سوپای ئیسڕائیلیش کەرتەکەی جێهێشت .

‎هەر بە ڕاست چی ڕوودەدات لە دواییدا ؟

‎ئایا ئەمەریکا و ناتانیاهۆ کۆتایی بە حوسیەکانی یەمەن دەهێنن .؟ 
‎ئایا ئەمەریکا و ئیسڕائیل هەر بە ڕاستی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دادەنێن ؟
‎دەوری ڕوسیا چی دەبێ لە ناوچەکە و شەڕی سێ ساڵەی لە گەڵ ئۆکڕانیەکان ڕادەوەستێ یان هەر درێژەی دەبێ ؟
‎ئایا حیزبواللەی لوبنانی خۆی پڕچەک دەکاتەوە .؟
‎ئایا سوپای پاسداران و عەلەویەکانی سوریا خۆیان ڕێکدەخەنەوە .؟
‎ئایا بەهاری مەغریبی سەر دەگرێ ؟
‎ئایا ڕژێمی جۆرجیا دەڕوخێ و لایەنگرانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەست بە سەر حکومەتدا دەگرن ؟
‎هەڵبژاردنەکانی عێڕاق و بارودۆخی گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە سوپای پاسداران چارەنوسیان چی بە سەر دێ ؟
‎ئایا دونیا گەڕێکی تری شەڕی ئێران و ئیسڕائیل و ئەمەریکا دەبینێت ؟ 
‎چونکە دەنگگۆی چەکی ئەتۆمی ئێران لە دوورەوە هەستی پێدەکرێ .
‎لە هەمووشیان گرنگتر سوریا و چەتەکانی جۆلانی و باری نالەباری ئارامی ناو سوریایە و تەواوی گروپە چەتەکانی ناو هەتەشە یە کە لە حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیەکان توندڕەو ترن و 
‎چارە نوسیان چی دەبێ ؟

‎هەموو ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر هێشتا پێویستان بە وەڵامدانەوەیە و تەواوی چاودێران و  سیاسەتمەدارانیش چاوەڕێی درزێکن و دیواری نهێنیەکان شەق بکات و بزاندرێ کە لە هەنگاوی داهاتوودا چۆن ئیسڕائیل درێژە بە تۆڵە سەندنەوەکانی دەدات و ئەوانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی و یارمەتی حەماسیان کردوە ، چۆن و بە چ شێوازێک تۆڵەی خۆیان لێ دەکاتەوە .

‎با لێشتان نەشارمەوە ماوەیەکە هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبەوە کۆدەکرێنەوە و زوو زووش هەواڵی گەیشتنیان بە گەڕەکەکانی حەڵەب و گەیشتنیان بە شارەکانی کەنار دەریا لە ڕۆژئاوای سوریا بەر گوێمان دەکەون و کەسیش نازانێ ئایا ئەو هێزانە هەر بە ڕاست بۆ ئەو چالاکیە کۆدەکرێنەوە یان تەنها ترسێکە و دڵی چەتەکانی سەر بە تورکیا و چەکدارانی  جۆلانی پێدەهەژێنن !

‎بە بڕوای من لێرە بەدواوە میسڕ دەرگای خێر و بێری ئاوەدانکردنەوە کەرتی غەززەی بە نسیب دەبێ و ئەوەی کە زۆر گرنگیشە ئەنجام بدرێ پەلە کردنە لە نەمانی حوکمی حوسیەکانی یەمەن و گەڕانەوەی ئارامیە بۆ ڕێڕەوی کەشتیە بازرگانیەکان و بوژانەوەی داهاتی کەناڵی سوێسە بۆ میسڕیەکان ، ئینجا حەق و حیساب لە گەڵ گروپە چەکدارەکانی عێڕاق و سەرانی قوم و تاران .

‎هەموو ئەو پێشهات و شیکردنەوانەش  هەر وەکو خەیاڵ دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کە دەردەکەوێ پلانەکە بە چ ئاراستەیەک ڕێدەکا و هاتنە ناوەوەی تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە بە ئێرانیشەوە بۆ ناو ڕێککەوتن نامەی ئیبراهیمی و لە دایکبونی ڕێڕەوی داود ، چۆن چۆنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەسەر دادێت .!
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار