دواین زانیارى لەسەر بارودۆخى لاهور شێخ جەنگى لەزیندان

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ دەستەی پارێزەرانی، سەردانی لاهور شێخ جەنگیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی وتوویەتی خۆتان ئازادن لەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن یان نا، داوای دوو كتێبی كردووە (لە پشت دەرگاكانی شۆڕشەوە، هونەری جەنگ).
بورهان رەشید سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە راگەیاند: ئەمڕۆ كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە بەشی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی لە سلێمانی سەردانی لاهور شێخ جەنگیان كردووە
بورهان رەشید بە (درەو)ی وت ماوەی (كاتژمێرێك) لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ماوەنەتەوە لەگەڵ دەستەی پارێزەران (ئاریان بەهادین، هۆزان شێخ خالید، چیا وریا)
لاهور شێخ جەنگی جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت ئەو پارەیەی لە لالەزار دەستی بەسەردا گیراوە بیگێرڕنەوە كە بڕەكەی (2 ملیۆن و 400 هەزار) دۆلارەو پارەی نادی وەرزشی نەورۆزە.
سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن بورهان رەشید ئەوەشى ئاشکراکرد: لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە ئێوە خۆتان بارودۆخی درەوە باشتر دەزانن خۆتان بریار بدەن و ئازادن بەشداری دەكەن یان نایكەن، بۆیە لە هەولێرەوە كۆبوونەوە كراوەو بڕیار دراوە بەرەی گەل بەشدار بێت لە هەڵبژاردن ( بۆرهان رەشید سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی لیستی بەرەی گەلە لە سلێمانی).
سەبارەت بە بارودۆخی لاهور شێخ جەنگی، بورهان رەشید وتى: ئێستا بارودۆخی لاهور شێخ جەنگی زۆر باشەو ئێستا سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبەكانی نەوشیروان مستەفایە.
داوای كرد دوو كتێبی كرد بۆی بنێرین یەكەمیان ( لە پشت دەرگاكانی شۆڕشەوە) كە یاداشتەکانی جەعفەری شەفیع زادە، فەرماندەی یەکەی تایبەتی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران پاسەوانێكی ئیمام خومەینی نوسیویەتی، لەگەڵ كتێبی (هونەری جەنگ) ئەم كتێبە هونەری لە نوسینی فەیلەسوفی گەورەی سەربازی (سون تزوو)ە
لە رۆژی 22ی ئابی 2025، لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندەو پاسەوانەكانی لە لالەزار دەستگیركراون و ماوەی زیاتر لە (40) رۆژە لە زیندانە.
