نێچیرڤان بارزانى: لەم دەڤەرە بەپلان دژایەتى پارتى کراوە
14 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی "بەبێ سلێمانی ناتەواوە." گوتیشی، "ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەم بێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەم دەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە."
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "کەموکوڕییەکانی ئەم ناوچە مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی و خەمێکی گەورەن بۆمان." هەروەها پارتیی بە "قەرزداری سلێمانی" زانی و گوتیشی، "وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای ئەم دەڤەرە دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "شەقامێک لە هەڵەبجە یان زاخۆ دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. قوتابخانەیەک لە سەیدسادق یان هەریر دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێت، "دەبێت یەک زۆن هەبێت، ئەویش زۆنی کوردستانە." گوتیشی، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە، "نەیپرسی خوێنی کامتان سەوز و کامتان زەردە؟"
نێچیرڤان بارزانی داوای لە لایەنگرانی پارتی لە سنووری سلێمانی کرد کە کار بکەن بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ و زیاتریش.
جێگری پارتی باسی لەوە کرد، "ئەزموون سەلماندوویەتی، ئەوەی دەتوانێت خزمەتی کوردستان بکات، تەنیا و تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو چانسە بدەن بە پارتی بزانن چی دەکات."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی پارتی، گوتی، "کوردستان کە لە ساڵی 2005 دەستووری عێراقی پەسند کرد، دەستووری عێراقی پەسند کرد؛ تەسلیمبوونی پەسند نەکردووە، بەڵکو سیستمی فیدراڵیی لە عێراق پەسند کردووە."
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی مەرکەزی، نەهێشتنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، واتە تەسلیمبوونی هەرێمی کوردستان. ئێستاش لەم رۆژەدا و لە شاری سلێمانی، لە شاری تەسلیم نەبوونەوە، لێرەوە بە دەنگی بەرز بە هەموو کەسێک دەڵێین، پارتی تەسلیم نابێت، گەلی کوردستان تەسلیم نابێت.
