بزووتنەوەی ئیسلامی: لە کەرکووک دەنگ بە پارتی و یەکێتی دەدەین
6 كاتژمێر لەمەوپێش
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان سەرەڕای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا لە بازنەی کەرکووک دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن. بەرپرسی مەڵبەندەکەیان دەڵێت، "دەنگمان بۆ بەربژێری ئەو لیستانەیە کە دەردەچن."
ئەمڕۆ دووشەممە 03-11-2025 عیماد کەرکووکی، بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری
سەرکردایەتیی حیزبەکەی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆت کراوە، بەڵام لەبەر پرسە نەتەوەییەکە لە کەرکووک بڕیاریان داوە دەنگ بدەن."
عیماد کەرکووکی گوتی، "ئێمە کادر و دەنگدەرانی خۆمان ئازاد کردووە، بەڵام باشترە دەنگ بە بەربژێری لایەنێک بدرێت کە دەرچوونی مسۆگەر بێت، لەبەرئەوەی دەنگی کورد لەو بازنەیە نەفەوتێت."
لە بازنەی کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
بەرپرسەکەی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "باشترە دەنگەکان بۆ ئەو لایەنانە بن کە دەرچوونی بەربژێریان مسۆگەرە، بۆئەوەی دەنگی کورد نەفەوتێت، ئێمەش کادر و لایەنگرانمان ئازاد کردووە دەنگ بە پارتی دەدەن یان یەکێتی، چونکە دەرچوونی بەربژێری ئەو دوو لایەنە مسۆگەرترە."
