بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات
                        
                    8 كاتژمێر لەمەوپێش
بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتن بەستن بە ڕاپرسییەکان و وەرگرتنی بۆچونی کەسایەتییەکان هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕاگەیاند و داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن.
رۆژی دووشەممە (٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و بڕیاردان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە، بە پشت بەستن بە ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، هاوکات ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانمان دەدەین بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن.
دەشڵێت: هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبەردەم شکست و بێ متمانەیی دەنگدەرە.
داوا لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاونیشتمانیان دەکەین، بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ئەم هەڵوێستەش گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ لەشکستی پڕۆسەی سیاسی و نەمانی متمانەی گشتی، کە پێویستی بە هێنانەدی شێوازێکی نوێی کاری سیاسی هەیە.
بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات بۆ ئەوەی چیتر «هەڵبژاردن» نەبێتە شانۆگەری سەرکەوتنی کاستی دەسەڵاتدار و نائومێدی زیاتر بۆ بەرەی ناڕازی و خەڵک؛ بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەکات کە پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین و لەو ڕێگەیەوە نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین.
                        
               
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
 
                        
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                        
                        
                        
                        