کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
پێشبینی دەکرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، بڕێکی باش باران ببارێ و لە چەند ناوچەیەکیش بەفر ببارێ.
رۆژی چوارشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، مەحموود عەبدوللـەتیف، سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای نێوەڕاست، پێشبینی دەکرێ لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان بکات و چەقی شەپۆلەکەش رۆژی یەکشەممە دەبێ.
بە گوتەی سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی، پێشبینی دەکرێ رۆژی یەکشەممە بارانبارین لە دهۆک و زاخۆ چڕ ببێتەوە و شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەش، بەفربارین لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێ بڕێکی باشی بەفریش لە حاجی ئۆمەران ببارێت.
مەحموود عەبدوللـەتیف گوتیشی: "لە هەندێک ناوچەی دیکەش پێشبینی بەفربارین دەکرێ، بەڵام پێشبینییەکان لاوازن."
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد: "شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێ. بڕێکی باش باران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبارێ، بەڵام مەترسیی دروستبوونی لافاو نییە، هەروەها پلەی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ."
هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "بەپێی پێشبینییەکان رۆژی شەممە بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و دواتر هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە. بڕی بارانبارینیش لە هەندێک ناوچە دەگاتە 70 ملم، بەڵام مەترسیی لافاو نییە."
بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزای کەشناسییە بڕی بارانی پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبێ:
سۆران: 40 بۆ 70 ملم
راپەڕین: 50 بۆ 66 ملم
دهۆک: 55 بۆ 60 ملم
هەولێر و سلێمانی: 45 بۆ 50 ملم
کەرکووک و گەرمیان: 25 بۆ 40 ملم
ئەوەی کە پەیوەندی بە بەفربارینەوە هەیە، محەممەد کەمال دەڵێ، شەپۆلی بەفربارین بە 3 قۆناخ دەبێت و بەم شێوەیە دەبێ:
1- قۆناخی یەکەم - شەممە: بەفربارین لە ئامێدی، شێلادزێ، کانی ماسی، حاجی ئۆمەران، چۆمان و سەفین دەستپێدەکات.
2- قۆناخی دووەم - دووشەممە: ئەو ناوچانەی 1000 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن بەفریان لێ دەبارێ، لەوانە شەقڵاوە، پێنجوێن، قەرەداخ و سەنگاو.
3- قۆناخی سێیەم - چوارشەممە: بەهێزترین شەپۆلە و ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە بەرزییان 850 مەترە، ئەگەری بەفربارین لە گەڕەکە بەرزەکانی سلێمانی، گۆیژە، ماوەت و چوارتا هەیە.
بەپێی پێشبینی ئەو کەشناسە، بڕی بەفر لە سەنتەری ناوچە شاخاوییەکان 1 بۆ 17 سانتیمەتر و لە چیاکانیش 70 بۆ 90 سانتیمەتر دەبێ.
