دووشەممە نەتەنیاهۆ لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە
6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و رۆژێک دواتر لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەوە دەبێتە پێنجەمین سەردانی نەتەنیاهوو بۆ لای ترەمپ لە ئەمریکا لە ئەمساڵدا. سەردانەکە لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ و نێوەندگیرە هەرێمییەکان گوشار دەکەن بۆ ئەوەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێبکات.
نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو رەنگە نەتەنیاهوو لە پشووی کریسمسدا لە فلۆریدا سەردانی بکات. پێش ئەوەی بەرەو هاوینەهەواری 'مارالاگۆ' بەڕێبکەوێت، ترەمپ گوتی: "ئەو دەیەوێت بمبینێت. بە فەرمی کاتەکەمان دیاری نەکردووە، بەڵام دەیەوێت بمبینێت."
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک پرسی فراوانی هەرێمی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، لەوانەش دۆسیەی ئێران، گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سووریا، ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا لە لوبنان و قۆناخەکانی داهاتووی رێککەوتنی غەززە.
پێشڤەچوونەکان بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بە نێوەندگیریی واشنتن و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی کرابوو، تاوەکو ئێستا بە خاوی بەڕێوەدەچن. ئاگربەستەکەش هێشتا ناسکە و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. نێوەندگیرەکانیش ترسیان هەیە ئیسرائیل و حەماس کات بکوژن.
بەگوێرەی قۆناخی دووەم، دەبێت ئیسرائیل لە پێگەکانی لە غەززە بکشێتەوە و دەسەڵاتێکی کاتی لە شوێنی حەماس کەرتەکە بەڕێوەببات، هەروەها هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرتەکە بڵاوبکرێتەوە. خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە بزووتنەوەی حەماس چەک دابنێت، کە ئەمەیان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانە.
رۆژی هەینی، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی نەتەنیاهوو و ترەمپ کلیلی بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنەکەیە.
ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بەزووترین کات حکومەتە تەکنۆکراتەکەی غەززە و هێزە نێودەوڵەتییەکە رابگەیێنێت.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ "تا دێت زیاتر بێزار دەبن، چونکە نەتەنیاهوو هەنگاوی بۆ لاوازکردنی ئاگربەستە ناسکەکە و پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی ناوە."
