ئیسرائیل و تورکیا خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکەن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هەنگاوەکانیان سەرەتای ئامادەکاری جەنگێکی درێژخایەنە
ئامادەکردنی هاوڵاتی
تەنها لەم هەفتەیەدا ئیسرائیل و تورکیا جموجوڵی سەربازیی جیاوازیان دەستپێکردووە و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی سەربازیی ئامادە دەکەن، تەنانەت وای لێهاتووە، هەردوولا یەکتری بە مەترسیدارترین هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیان.
لەم هەفتەیە چی روویدا؟
رۆژی دووشەممەی رابردوو ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس رێککەوتنێکی هەماهەنگی سەربازیی واژۆکرد بۆ راهێنانی یەکەی سەربازیی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی لەسەر هەڕەشە نوێیەکان لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەتایبەتی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دۆرنی پێشکەوتوو.
هەر لەکاتی ئەم رێککەوتنەدا نەتانیاهۆ پەیامێکی بۆ ئەردۆغان نارد و لەتەنیشت هەردوو بەرپرسی یەکەمی یۆنان و قوبرس گوتی: بۆ ئەوانەی خەون بە بنیادنانەوەی ئیمپراتۆرییەت دەبینن و بیانەوێت خواستەکانیان بەسەرماندا زاڵ بکەن، پێیان دەڵێم: ئەوە روونادات و هەر بیریشی لێمەکەنەوە.
ئەم هەماهەنگییە سێ قۆڵییەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل، لە تورکیا هەرای ناوەتەوە و رۆژنامەی یەنی شەفەق کە زمانحاڵی حکومەتی تورکیایە، دەڵێت، ئیتر دەبێت لەدوای ئەم هەماهەنگییە، تورکیا، ئیسرائیل بخاتە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
یەنی شەفەق دەڵێت، ئێستا سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، ئیسرائیل وەک سەرەکیترین هەڕەشە پێناسە دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات، لەوانە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی کە بە میت ناسراوە.
ئالۆن لایڵ، بەرپرسێکی پێشووی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسیرائیلی گوتووە، ئەنقەرە لەدوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس کەوتووەتە حاڵەتێکی شڵەژانەوە و خۆی بۆ جەنگ دژی ئیسرائیل ئامادە دەکات، هەموو سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوەکەشی لەبەرچاوگرتووە و بەهەند وەریان دەگرێت.
لایڵ باسی لەوەشکرد، ئەنقەرە هێزی ئاسمانی بەهێز کردووە و پێگە بەرگرییەکانی تۆکمەتر کردووە، بودجەیەکی زەبەلاحیشی تەرخانکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سوپاکەی، ئەمە جگە لەوەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی درۆنی پێشکەوتوو بەخۆیەوە بینیوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ پێش رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان گوتی: هیچ ململانێیەکمان لەگەڵ وڵاتان ناوێت، تەنها ئاشتیمان دەوێت، بەڵام دەستدرێژیش لە کەس قبوڵ ناکەین.
تەنها رۆژێک دوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، خێرا محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبوویەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بوو، بەڵام حەداد نەگەڕایەوە بۆ لیبیا و لە ئەنقەرە فرۆکە تایبەتەکەی تێکشکا و لەگەڵ حەوت سەرنشینی دیکە گیانی لەدەستدا.
هەر لە هەمان رۆژی رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیای لە لیبیا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2019ـەوە لە وڵاتەکە جێگیرکراون.
ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت. لە نوێترین راپرسی پەیمانگەی سیاسەتی گشتی گەلی جوو، تورکیا هاتووەتە ریزبەندی دووەم لەو وڵاتانەی خەڵکی ئیسرائیل پێیانوایە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکەیان. رێکخەرانی راپرسییەکە دەڵێن، پۆلێن بەندییەکە لەسەر سێ ئاستە: بەرهەمهێنانی درۆن، سیستمی مووشەکی و توانای هێزی دەریایی کە تورکیا لەم سێ ئاستەدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە وڵاتێکی هەرێمییەوە گەیشتووەتە ئاستی "رکابەرێکی سەربازیی بەهێز"ـی ئیسرائیل.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە سەرەتا لەسەر خاکی سوریا دەبێت، چونکە هەردوو وڵات لە سوریا ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە.
میدیای تورکیاش لە خۆشکردنی ئاگرەکە سڵی نەکردووەتەوە و دەیەوێت هەسەدە پەلکیشی ململانێکە بکات، چونکە دەڵێن گرژییەکانی ئەم هەفتەیەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب رێککەوت نەبووە، بەڵکو ئاماژەی نەتانیاهۆ بووە و ئیسرائیل دەستی هەبووە لە جوڵاندنی هێزەکانی هەسەدە بۆ شەڕ و ململانێ، لەکاتێکدا هەسەدە و چەند رێکخراوێکی سەربەخۆ ئاشکرایان کرد، گروپەکانی سەر بە دیمەشق دەستپێشخەری شەڕەکە بوون.
تەنانەت قسەی میدیاکانی تورکیا لە گوتەکانی هاکان فیدان رەنگیدایەوە کاتێک رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی دیمەشقی کرد و گوتی: هیچ پەرۆشییەک لە هەسەدەدا نابینین بۆ تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا و کاری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکەدا.
