نوخبەی بریاربەدستی حیزبیی کوردو کێشەی بیرکرنەوە لەدەوەی مێژوودا
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەبووبەکر کاروانی
مێژوو چەمکێکە لە گۆشەنیگای فکری و دینی و سیاسی و ئایدۆلۆژی جیاوازەوە بە کار هاتووە وبەکاردێت، لێرە و لەوێش لەڕابردوودا، باس لە دەرەوەبوونی مێژوویی کورد کراوەو وروژێنراوە، وەک ئاماژەیەك بۆ نەبوونی دەوڵەتی کوردستان و کەوتنە دەرەوەی کورد لە پەرەسەندنەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای سەد ساڵی ڕابردوودا.
بەڵام مەبەستی ئێمە لەم نوسینەدا ئەوجۆرە بەکارهێنا بۆ دەرەوەی مێژوو نییە، واتە باس لەرۆڵ ودڵرەقی واقیع ودوژمنە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتیەکان بەرامبەر بە کوردو هەوڵی درێژخایەنیان بۆ دەرکردنی لەمێژووی هاوچەرخی ناوجەکەوجیهاندا ناکەین، بەڵکو هەڵوێستەکردنە لەسەر جۆری مامەڵەی عەقڵییەتی سیاسی کورد خۆی لەگەڵ ئەم پرسەدا، واتە ڕێک لە کاتێکدا هێواش هێواش خەریکە دەرگای مێژوو بەرووی کوردا بکرێتەوە و دەرفەتی مێژوویی گرنگی بۆ بێتە پێشەوە، بەشێک لە بڕیار بە دەست و نوخبە حیزبیی و سەرکردەکانی، بە دەست کێشەی لاوازیی هۆشیاری مێژووییەوە دەناڵێنن ولەدەرەوەی پێویستیەکانی هووشیاربوون بەم دۆخە بیردەکەنەوەو بریاردەدەن!
وەك ئەوەی بڵێی لە چوونە نێو مێژوو بترسین و وەک پێویست نەتوانین خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و لەگەڵ پێشمەرجە فیکری و دەروونی و سیاسی وئەخلاقیەکانیدا خۆمان بگونجێنین! چونکە بونە ئەندام لە یانەی مێژووی فەرمی جیهاندا، بیرکردنەوە و ئەخلاق و ستراتیژ و ڕۆحیەت و هەناسەی تایبەت بەخۆی دەوێت،لەبەرئەوەی بە گەڕانەوە بۆ هێگڵ وەک ڕەمزی هەرە دیاری ورووژاندنی باس لەناو مێژوو دەرەوەی ئەودا، لەوە تێدەگەین، لەبنەرەتدا ماڵی مێژوو، خانەی نەتەوە ڕەسەن و بەهێزو شارستانیسازو گەورەکانە.ئەم قەڵەمبازە گەورەش سەبارەت بە کورد، ئەوەش بە عەقڵی شەکەت و بە بوغز و کینە شێلراوو سنوورداری حیزبی و بەرژەوەندیخوازانەی کاتی و لۆکاڵی بەدینایەت.
کورد بۆ ئەوەی پرۆسەی جێگرتن لەمیژوودا بە سەرکەوتوویی بباتە سەر، دەبێت خۆی لە جەهل بە مێژوو ڕزگار بکات، جەهلیش لەم شوێنەدا هەر وەک شارەزایانی ئەم بوارە ئاماژەیان پێکردووە، بە واتای زانیاری نەبوون بە ڕابردوو نایەت، بەڵکو باس لەوەیە لەسۆنگەی باش تێنەگەیشتن لەمێژووەوە، سوود وەرنەگرتن لەوانەو هووشیار بوون بەرێساو پێوەرەکانیەتی.
تێنەگەیشتنی قووڵە لە ئێستا و ئەرکەکانی قۆناغە مێژووییەکەو ئەوداواکارییانەی لەهێزو نوخبەو سەرکردەکانی هەیە، شان دەرنەهێنانە لەژێر باری ماندووکەری ڕووداوە مێژووییە نەخوازراوەکان و بوون بە ئەسیری هەستە نەرێنییەکانی دوێنێ و بیرنەکردنەوەیە بۆ دواڕۆژ. ئاماژەیە بەجۆرێك لەشرۆڤەو هووشیاریەکی مێژوویی وسیاسی شێواو، کەناتوانێت، ریشەی ڕووداوەکانی ئێستا لەرابردوودا دەستنیشان بکات وپێی وایە هەڵتۆقیون، یاخود پەی بە رەگی مێژوویی کێشەکان دەبات، بەڵام لەدیدێکی خوارنەتەوەیی ولەروانگەی ململانێی حیزبی و بەرژەوەندیی گرووپی و ئایدۆلۆژیەوە بەرهەمیان دەهێنێتەوەو بەکاریان دەهێنێت،!واتە لەجیاتی ئەوەی ئەم پەیبردنە بکات بە پێشمەرجی چارەسەرکردنیان، دەیان کات بە پاساودانی درێژەپێدانیان ورەوایەتی پێدانیان! هەوەها بەکارهێنانیان بۆ ئیدارەدانی ململانێکان و بەبێ سوود سەیرکردنی هەوڵەکانی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی وبەدیهێنانی سازان وکۆدەنگی نیشتیمانیی!؟
یاخود رووداوەکان دەبەستێتەوە بە پیلانی دەورو بەرو رکابەرەکانەوە، بەوەش لێپرسراوێتی لەئەستۆی خۆی دەکاتەوە، لەکاتێکدا ڕیشەی کێشەکان بەسەرزەمینی ناکۆکی حیزبیی، گەندەڵی و لاوازیی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ڕۆچوون. کاریگەری خودی پیلانەکانیش لە لاوازییە ناوخۆییە کانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەرهەمی ناکۆکی و کێشمە کێشە حیزبی وگروپیەکانە لەسەر نفوزو دەسەڵات وپارەو چێژو جەنگی وێناکان و شەری رەوایەتیەکی مێژوویی، بەمێژوویەکی لەرووی نەتەوەییەوە شێواو!
لێرەشەوە، ئەم جۆرە نوخبە، کەلە مێژووی گەلەکەی و جیهان بە جوانی تێناگات، دوچاری سادەیی و شێواوی لە بیرکردنەوەیدا دەبێت، بەیادگەیەکی نیمچە بۆشەوە بیر لەکێشەو چارەسەرو بژاردەو جێگرەوەکان دەکاتەوە و بڕیار دەدات! لە کاتێکدا بەگشتی ئەم وەسفە ڕەت دەکاتەوە و پێی وا یە نوێنەرایەتی یادگەیەکی نە تەوەیی و مێژوویی دەستەجەمعی دەکات. بەڵام لەڕاستیدا مادام شێواندنی ناسنامەی نیشتیمانی، پەند وەرنەگرتن لە مێژوو دووبارەکردنەوەی هەڵەسیاسییەکان بەزەقی لە ئارادا بن، بەڵگەی ئەوەیە ئەم نوخبە بەدەست چۆڵی یادگەیەوە دەناڵێنێت، یاخود لانی کەم لەگەڵ ویژدانێکی زامارو یادگەیەکی شێواودا دەست وپەنجە نەرم دەکات. هەموو یادگەیەکی شێواویش کێشە بۆ جوانناسینی ئێستای واقیع و ئەرکەکانی دروست دەکات، ئایندەش لەوە دەخات تەوەرەی خەیاڵدانێکی بەهێزو ستراتیژێکی نیشتیمانی داهاتووساز بێت.
هەموو ئەوەش وادەکات،توانستەمێژووییەکانی خۆمان و وڵاتەکەمان نەزانین ونەناسین وهەندێ جار لەوەهمدا بژین، دەرك بە بەهاو تێچووی قورسی هەندێ بریاری سیاسی لەسەرنەتەوەکەمان نەکەین، شێوازە شکستخواردوو تاقیکراوەکان دووبارە وچەندبارە بکەینەوە، بە هەرەمەکیەکی بەرواڵەت ڕێکخراو مامەڵە لەگەڵ پێشهات ورووداوەکاندا بکەین و بچینە سەرمەزهەبی چی دەبێت بابێت؟!
