ئەنجومەنی نیشتمانی سوننەكان سبەینێ دوا كۆبونەوە دەكەن
3 كاتژمێر لەمەوپێش
حەیدەر مەلا، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم ئاشکرای دەكات: ئەنجومەنی نیشتمانی سوننەكان بە نیازە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، بۆ بڕیاردان لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
حەیدەر مەلا، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی "ئەلجبال"ی راگەیاندووە: كۆبونەوەی سبەینێ دوا هەوڵە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەی سەرۆکی پەرلەمان و رێککەوتن لەسەر کاندید بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، بە زیاتر لە کاندیدێک دەچینە دانیشتنەكەوە، پرسەكەش بۆ نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە کوردییەکان جێدەهێڵین.
لەلایەکی دیکەوە، موهەنەد خەزرەجی، ئەندامی هاوپەیمانی سەروەری رایگەیاند: تا ئێستا کاندیدەکانی ئەنجومەنی سیاسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی و موسەننا سەمەڕائی_ن.
وتیشی:کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی سیاسی، هەوڵی کۆتایی دەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر یەک کاندید، كە هەموو لایەك پشتیوانی بكەن، هەرچەندە قورسە ئەمە رووبدات، بەهۆی پێداگریی سەمەڕائی و حەلبوسی لەسەر کاندیدبونیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: تا ئێستا هیچ ڤیتۆیەکی فەرمی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە کاندیدکردنی كەسیایەتیەكی دیاریکراویان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێنەگەیشتووە، ئەوەی لەبارەیەوە دەیبیستن لەڕێگەی میدیاكانەوە یان لە سەرچاوە نافەرمیەکانەوەیە.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێك سەرچاوەی تر باسیان لە ئەگەری ئەوە کردووە، هیبەت حەلبوسی، سەرکردە لە حزبی تەقەدوم، کاندیدبونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت، ئەوەش لە پێشهاتێكی نوێدا، كە ئاماژەیە بۆ لێكترازان لەناو حزبەکەدا.
جەمال کەربولی، سەرۆکی حزبە حەل، لە سەكۆی "ئێكس" ئاماژەی بە ئەگەری کودەتاو دابەشبون لەناو حزبی تەقەدوم کردووەو رایگەیاندووە، ئەگەرى گۆڕانكاری ریشەی و ئاوەژووبونەوەی دۆخەكە هەیە.
