قوربانیانی لافاو؛ شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەکرێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهۆی ئەو زیانانەی لافاوەوە، کە بەر بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی کەوتووە، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران، هەنگاوی بەپەلە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەنرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە میانەی بەسەرکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە کەناڵ8ی ڕایگەیاند، ئەو ماڵانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە یان مەترسییان لەسەرە، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان. ئەم بڕیارە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێت تاوەکو گرفتە سەرەکییەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت، چونکە بەلای حکومەتەوە سەلامەتیی هاونیشتمانییان لە هەموو شتێک گرنگترە.
جێگری پارێزگار پردی گەڕەکی خەلیفاوای بەسەرکردەوە، کە بەهۆی شەپۆلی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتووە گوتی، تیمەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەن چارەسەرێکی خێرا بۆ چاککردنەوەی پردەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسایی ببێتەوە.
سەبارەت بە کێشەی ژێرخانی گەڕەکی خەلیفاوا، شاهۆ عوسمان گرنگترین پرسی بە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە بە بەڵێندەرێک سپێردراوە بەڵام کارەکانی تەواو نەکردووە. جێگری پارێزگار لە ڕێگەی کەناڵ8ـەوە بە فەرمی هۆشداری دایە بەڵێندەرەکە کە دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
