سۆزدار حاجى: ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار ڕێگەی لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی قەسەدە و یەپەژە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا، داوی ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاوسەنگییەکانی سووریا گۆڕاون و دەڵێت، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار وەڵامگۆی داواکانی گەلانە، بەڵام هەندێک خاڵی جێبەجێ نەکراوە.
ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) سۆزدار حەجی کە لە هەمانکاتدا ئەندامی شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، دۆخ و ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە سووریا ڕوویانداوە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) هەڵسەنگاند.
سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا لە سووریا لە ماوەی ساڵێک چەندین ڕووداوی خێرا ڕوویداوە و گوتی: "سیستەمی ڕژێمی بەعس کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوکمڕانی سووریای کرد، ڕووخا. ئەمەش تەواوی هاوسەنگییەکەی گۆڕی. سووریا لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی ستراتیژییە و دراوسێی چەندین دەوڵەتە. هەربۆیە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەرێمەکە هەبوو. دەوڵەتانی دراوسێ هەمیشە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو سیستەمەدا سەپاندووە. ڕووخانی سیستەمی ئێستا سوودێکی زۆری بۆ گەلان هەبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی گرتەوە ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتیک بوایە، ئەوا شتگەلێکی باش درووست دەبوو. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هێز و سیستەم کارە سیاسی و ئیدارییەکانمان لەسەر بنەمای دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەین. زیاتر لە ١٠ ساڵە لەسەر ئەم سیستەمە دەڕۆین. گۆڕانکارییەکان کاریگەری لەسەر ئێمە و لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەبوو. ئێران و ڕووسیا پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ سووریا هەبوو. بە تایبەت ڕووسیا کە تا ئێستاش پەیوەندیی لەگەڵ سووریا هەیە، بەڵام دوای ڕووخانی ئەو سیستەمەی ئێستا و ئەو سیستەمەی جێگەی گرتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژیای بەعسییەکاندا ڕووینەداوە. ئەم گۆڕانکارییانە بۆ سووریا و هەموو هەرێمەکە گۆڕانکاریی مێژوویین".
ڕووخانی ڕژێمی بەعس
لە بەردەوامی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە پڕۆسەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و گوتی: "لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ئۆپەراسیۆنێک لە سووریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشەوە دەستی پێ کرد. ئەمە لە سەرەتادا وەک پلانێکی بەرفراوان نەدەهاتە بەرچاو، بەڵام دواتر ئەوە ڕوون بووەوە کە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کە هەتەشە دواتر باسیشی کرد، ڕێگە بۆ هەیئەی تەحریر ئەل شام کرابووەوە کە دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت ئیدی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا نین و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجامیان دا ڕژێمی بەعس خزمەتی دەوڵەتە گەورەکان و دروسێکانی نەدەکرد، بەڵام ڕووخانی دەوڵەتێکی وەها ڕەگداکوتاو، خاوەن سوپا و ڕێکخراو لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا کاری هێزە دەرەکییەکانە، نەک هێزە ناوخۆییەکان. یەکێک لەو گرووپانەی کە هێرشەکەیان ئەنجامدا هەتەشە بوو، کە گەشتنە دیمەشق، لە حەلەبەوە تا دیمەشق شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ڕووینەدا و دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت".
هێرشەکان لەسەر حەلەب، تەل ڕەفعەت و شەهبا
سۆزدار حەجی ڕایگەیاند، ئەو هەرێمانەی کە ئەوانی تێدان و هەرێمی شەهبا کە خەڵکی عەفرین پەنایان بردووە، هاوشان لەگەڵ حەلەب، کەوتۆتە بەر هێرشی قورسی گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و گوتی: "وەک هەنگاوی دەستپێک هێرش کرایە سەر تەل ڕەفعەت، شەهبا و تەنانەت لەسەر هەردوو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، کە تا ئێستاش هەرکاتێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسا هێرش دەکەنە سەریان. لە ناوچەکانی شێراوا، تەل ڕەفعەت و هەرێمی شەهبا بەرخۆدانێکی بێهاوتا لە بەرانبەر ئەو گرووپانە ئەنجام درا. بەوپێیەی گەلەکەمان بە کۆمەڵکوژییدا تێپەڕیبوو، وەک فەرماندەکانی قەسەدە و یەپەژە دۆخەکەمان هەڵسەنگاند و ئەو ڕاستییەی باسمان کرد زۆر ڕوون بوو. هەربۆیە پێش ئەوەی ئەو گرووپانە دەست بە هێرشەکانیان بکەن، پێویستمان بە جێگیرکردنی درووست هەبوو، بۆ ئەوەی گەل بپارێزین، تاوەکو بڕیارێکی دیکە دەدرێت".
بەرخۆدانی گەل و منداڵان لە بەنداوی تشرین
فەرماندە سۆزدار حەجی باسی لە بەرخۆدانی هێڵی بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق کرد و گوتی: "دوای ئەوە شەڕەکە لە مەنبەج، قەرەقۆزاق، بەنداوی تشرین و تەنانەت دێر حافر بڵاوبووەوە. لەو هێڵانەدا شەڕ و بەرخۆدانێکی زۆر بەرفراوان ئەنجام درا. هەروەها بەرخۆدان لەو هەرێمانەی کە پێشتر دەمانویست لە سیستەمی بەعس ڕزگاریان بکەین و گەلان لە گرووپە چەتەکان و داعش بپارێزین بڵاوبووەوە. ئێمە خۆمان لە دژی گرووپە چەتەکان لە دێر حافر و گوندی مەسکەنە، هێڵی ئەسریا و تا دێرەزوور جێگیرکرد. چونکە نزیکایەتی ئەو گرووپانە لە دژی ئێمە هەمان ئەو نزیکایەتییەیە کە ساڵانێک ئەنجام دەدرا. چونکە زیهنیەتی ئەوان بۆ ڕزگارکردنی سووریا لە ڕژێمی بەعس و شۆڕشێکی ئازادیی نەبوو کە گەلان ڕزگار بکات. شەڕی ئەوان دژی سیستەمی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بوو. ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدرا هەموویان بە تەکنەلۆژیا و هاوکاری دەوڵەتی دووەمی ناتۆ بوو، بەڵام لە بەرانبەردا گەنجانی هەرێمەکە لە هەموو پێکهاتەکانەوە بە تاکتیکی شەڕی ئەو قۆناغە، بەرخۆدانێکی بێهاوتایان پەرەپێدا. لەم لایەنەوە لە بەنداوی تشرین گەل و منداڵانی گەل، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەرخۆدانێکیان بۆ پاراستنی بەنداوەکە ئەنجامدا و گوزارشتیان لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە چۆن خۆیان و شەڕڤانەکانیان بپارێزن".
'قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرت'
فەرماندە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەشدا، قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرتووە، گوتی: "بەهۆی ئەم شەڕەەوە بۆشاییەکی ئەمنی دروست بوو و داعش جارێکی دیکە ویستی سوود لەم زەمینە وەربگرێت و بەشێوەیەکی بەهێز بگەڕێتەوە هەرێمەکە. دەربازبوونی هێزەکانی قەسەدە بۆ شارەکانی دێرەزوور، مەیادین و بو کەمال ڕێگری لەمە کرد. هەروەها پێشتر لەو هەرێمانە، لە بەرانبەر ئێمە و هەرێمەکەمان، هێرشەکانیان بە ناوی دیفاع ئەل وەتانی و هۆزەکان کە دۆستایەتی ڕژێمی بەعسیان دەکرد لە ڕێگەی داعشەوە ئەنجامیان دا. ئەو هەنگاوەی قەسەدە لە دێرەزوو گریتەبەر، ڕێگری لە خەون و خەیاڵەکانی داعش کرد. دەربازبوونی قەسەدە بۆ ئەو هەرێمانە بە شێوەیەکی سەلامەت بوو. هەروەها بە شێوەیەکی سەلامەت هەرێمەکە ڕادەستی حکومەتی ڕاگوزەر کرا. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ئێمە گوزارشت لە هەمان وڵات دەکەین و تەماحێکی جیاوازمان نییە. بەم شێوەیە هەنگاوی زۆر سەرکەوتوو لە بەرانبەر داعش نرا. داعش ئێستا دەیەوێت هەرکاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا خۆی لە هەرێمەکەدا جێگیر بکات. دەیان هێرش هەبووە کە داعش ویستویەتی لە ماوەی ئەمساڵدا لە دژی ئێمە ئەنجامی بدات، لە بەرانبەر ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی لە دژی داعش ئەنجام درا و سەرکەوتووبوون".
'بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو'
سۆزدار حەجی لەسەر کاریگەریی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم بانگەوازە کاریگەری ئەرێنی و گەورەی لەسەر سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبووە و گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. ئەم بانگەوازە وەک دەرمانێک بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان. لە پڕۆسەیەکدا کە تێیدا کوشتنی یەکتر و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر هەموو بەهاکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کە هەمیشە ئێمەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی، ئەم بانگەوازە کرا. ئەم بانگەوازە لە کاتی خۆیدا بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەیەکی هێندە هەستیاردا بانگەوازی ڕاگرتنی شەڕی کرد کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. پێویستە ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بن. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەسەر تەواوی سووریا هەبوو. داوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هاوپەیمانێتییەک درووستکرا. هەربۆیە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو. چونکە متمانەیەکی زۆر بەم بانگەوازە هەیە".
'ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگەی لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت'
لە کۆتایی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئاداری کرد لە نێوان قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا واژۆکرا و گوتی: "لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا. ڕێککەوتنێکی بەجێ بوو و وەڵامگۆی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگری لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت و دەرفەتێکی بۆ هەموو هێزەکان ڕەخساند کە چۆن بتوانن دانوستاندن لەگەڵ یەکتردا بکەن. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەش گرنگن و پێویستە پابەندی بن بۆ ئەوەی گەل لەناونەبرێت و ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دووبارە نەبنەوە. چونکە ئێمە بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن تێکۆشانمان ئەنجام داوە و هەزاران شەهیدمان داوە. هەربۆیە ناتوانین وەک پێشتر بژین. ئەم ڕێککەوتنە کە واژۆ کرا، ڕووداو و ئەوشتانەی پێشتر ئەنجام دراوە پەسەند ناکات. وەڵامێک بۆ هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت بۆ گەلی کورد بوو. گەلی کورد لەم ڕێککەوتنەدا مافی خۆیەتی وەک هاووڵاتی هەموو وڵاتان بژی و خزمەت بە وڵاتەکەی بکات. پێویستە هەموو پێکهاتەکان بە ناسنامە، زمان و کەلتووری خۆیان بژین. تا ئێستا هیچ کام لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراون. تاکە خاڵێک کە جێبەجێ کراوە، نەبوونی شەڕە و سەرەڕای ئەوەش هەمیشە شەڕ لە سەرتاسەری سووریادا هەبووە".
