بەهۆی بەفرەوە دەیان هاوڵاتى لە رێگەوبانەکان گیریان خواردووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارینەوە، ئاستەنگیی هاتووچۆ لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە و چەندین رێگەی سەرەکی داخراون. بە سەدان هاوڵاتى، کە ژن و منداڵیان لەگەڵدایە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر هۆشداری دەدات لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی ئەم شەپۆڵە چڕەی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ئاستی زۆر نزم، ڕێگاکان دەبنە بەستەڵەک و شەختە، سەرەڕای ڕژاندنی خوێ لە ڕێگاکان، بەڵام هاتووچۆ بۆ ئۆتۆمبێلەکان ئەستەمە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات "تا دەتوانن لە ڕێگا شاخاوییەکان نزیک مەکەونەوە"، دڵنیاییش دەدات کە تیمەکان بەردەوام دەبن لە ڕاماڵین و ئێشکگر دەبن.
ئەحمەد تەیب، هاونیشتمانییەکی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلین، لە پشت حاجیاوا لە چیای ماکۆک گیرمانخواردووە و ئۆتۆمبێلەکانیش دەخلیسکێن. خێزان و منداڵ لە نێو ئۆتۆمبێلەکاندان و داوای بەهاناوەچوون دەکەین".
رێگەی هەولێر - کۆیە بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو رێگەیەش گیریانخواردووە. عەبدوڵڵا شەمۆ، بە رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر لەسەر شەقامەکەیە و تەنیا ئۆتۆمبێلی بەرز و دەبڵ دەردەچن. 2 کاژێرە وەستاوین و ژن و منداڵمان لەگەڵ هەن. بەشێکی ئۆتۆمبێلەکان بەنزینیان نەماوە و کوژاندوویانەوەتەوە. وەرن بەهانامان. تەلفۆن بۆ بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکەین، دەڵێن، ناوچەکەتان لە سنووری کاری ئێمە نییە."
رێگەی هەولێر-شەقڵاوە، سایدی چوون و هاتن داخراوە. هونەر ئەکرەم، هاونیشتمانییەکی گیرخواردووە لەسەر ئەو رێگەیە، بە رووداوی گوت: "تونێلی پیرمام بە هەردوو سایدی چوون و هاتن داخراوە و بە سەتان ئۆتۆمبێل کە خێزان، ژن و منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە. من سێ کاژێرە لەنێو ئۆتۆمبێلم، بەبێ ئەوەی بتوانم بڕۆم."
لە چەند بەشێکی شەقامی نوێی هەولێر-گۆمەسپان بەهۆی بەفرباینەوە ئاستەنگی دروستبووەو هاونیشتمانییان داوای بەهاناوەچوون دەکەن. هەریەک لە هەردی ئیسماعیل و بڕوا فارس و بەدرەدین محەممەد، سێ هاونیشتمانیی گیرخواردوون، بە رووداویان راگەیاند: "رێگەکە یەک سایدە و تەواوی شەقامەکە داخراوە و خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە لە نزیک گوندی باخچەی گەورە. پێنج کاژێرە لەنیو ئۆتۆمبێلین. زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل دەبن."
رێگەی سماقووڵی بەرەو رانیەش داخراوە. سەرکەوت محەممەد، هاونیشتمانیی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "لە هەورازێکدا سێ ئۆتۆمبێل سەرنەکەوتن و تەواوی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە مانەوە و بەفر زیاتر باری و رێگەکە داخرا. زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێلین و تەنانەت ئۆتۆمبێلی دەبڵیش دەرناچێت. هیچ تیمێکی بەرگریی شارستانی لەوێ نین."
لە تونێلی ماوەرانیش ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. محەممەد عومەر، شۆفێری بارهەڵگرە، بە رووداوی گوت: "شەقامەکە بەستوویەتی و هاتن و چوون نییە. زیاتر لە 3 کاژێرە لەسەر ئەو رێگەین، رێگەکە زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بچووک زەحمەتترە و سەتان ئۆتۆمبێل ئیستا لەسەر شەقامەکە گیریان خواردووە و بەشێکیشیان ژن و منداڵیان لەگەڵ دان."
