ڕووسیا لەبارەی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریکا و ئیسرائیل
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، نیگەرانی وڵاتەکەی لەبەرانبەر هەڕەشەکان و ئەگەری وەشاندنی گورزێکی نوێی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەربڕی و ڕایگەیاند، داوا لەو سەرگەرمانە دەکەین، خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دژ بە ئێران بە دوور بگرن.
زاخارۆڤا لە بارەی نیگەرانییەکانی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەو لێدوانە شەڕانگێزەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێی سەربازیی دژی ئێران و بە تایبەت بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەتۆمی، جێگەی نیگەرانییە.
دەشڵێت: ئەو جۆرە لێدوانانە و تۆمەتی ئایدیۆلۆژی دژە ئێرانی، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجار و بێ دوو دڵی ئەو جۆرە خواستانەی ڕەتکردووەتەوە، کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرە و کارەساتێکی گەورە دەبات و ئەگەری کاردانەوە و لێکەوتەی خراپی دەبێت.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەوڵدان بۆ ناچارکردنی وڵاتان بە قبووڵکردنی ئەگەری چارەسەرکردنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە، جێگەی ناڕەزاییە، بەتایبەت هەوڵی بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەکاتێکدا، کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان.
ماریا زاخارۆڤا دەڵێت: سەرکێشییەکی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ڕێککەوتنی جیهانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت، کە بەردی بناغەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT)یە. چونکە ئەو هەڕەشانەی پێشتر ئاماژەیان بۆ کرا، لەلایەن وڵاتێکەوەیە کە هەرگیز پەیوەندی بەو پەیماننامەیە نەکردووە، لە دژی دەوڵەتێک کە لایەنێکە لەناو ڕێککەوتنەکە و بەردەوام پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی دووپات دەکاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هۆشداری دەداتە نەیارانی ئێران، خۆیان لە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی بەدوور بگرن و دەڵێت، " داوا لەم سەر گەرمانە دەکەین کە بە تەواوی قەبارەی زیان و وێرانکارییەکانیان بزانن و خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دەورووبەری ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدوور بگرن، واز لە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵە کوشندانەی حوزەیرانی 2025 بێنن، کە بووە هۆی تێکدانی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێراندا.
هەروەها زاخارۆڤا دەڵێت، ئەزموون پێمان دەڵێت، ڕووبەڕووبوونەوە تەنیا کارەسات دەخولقێنێ و هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گەیشتن بە چارەسەرەکان دوور دەخاتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا ئەوەی خستووەتەروو، ڕووسیا بەردەوام لەو باوەڕەدایە کە تاکە بژاردەی دروست، ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانە بە ئامانجی پەرەپێدانی ڕێگەچارەی درێژخایەنی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی ئێران، لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە ڕەچاوکردنی پێویستی و بەرژەوەندییە یاساییەکانی تاران.
ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کاتێکدایە، دوێنێ 30ی کانوونی دووەمی 2025، بەشی ڕاگەیاندنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا" کرێمل" بڵاویکردەوە، هەریەک لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد، کە بەشێکی قسەکانیان بە بەرنامەی ئێران پەیوەست بوون.
